🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

گومرگ ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) ئاشکرا دەکات

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/19 02:17

بەغداد – INA

دەستەی گشتیی گومرگ، ئامادەیی و دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا - ASYCUDA) لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمدا ئاشکرا کرد، هاوكات ئاماژەی بە ڕژدیی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی سیستەمەکە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.

سامر قاسم تائی، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) لە دەروازەکانی هەرێمدا، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (سامی جەلال) گەیشتە بەغداد بە مەبەستی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە سەرجەم دەروازەکانی هەرێمدا".

وتیشی، شاندەکە نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتبوو، لەوانەش وەزارەتی کشتوکاڵ، فەرمانگەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کۆمپانیای گشتیی پێشانگاکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا کە کۆنووسی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا لەم بارەیەوە واژۆ کراوە.

تائی جەختی کردەوە کە هیچ ڕێگرێکی تەکنیکی لەبەردەم جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئاماژەی بە ڕژدیی حکومەتی هەرێمیش کرد لە هەنگاو نان بەرەو جێبەجێکردنی سیستەمەکە و یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان.

روونیشیکردەوە، "حکومەتی فیدراڵی و دەستەی گومرگ ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی تەکنیکی و کارگێڕی بۆ سەرخستنی جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی بەستنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بە یەک مەنزومەی گومرگی یەکگرتووەوە".

ئاماژەی بەوەشدا کە "کۆنووسە تەکنیکییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە لەسەر ڕێنماییەکانی سەرۆک وەزیران تەواو کراون، و دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، دوای پەسەندکردنیشی بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری، وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەیەک بۆ ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو دەست بە جێبەجێکردنی سیستەمەکە بکرێت و نەخشەڕێگە و خشتەیەکی زەمەنی بۆ قۆناغەکانی جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان دابنرێت".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)