هەولێر – INA
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی مانگی موحەڕەمی حەرام، عەتەبەی حسێنیی پیرۆز مەراسیمێکی ماتەمینی شکۆداری لە پارێزگای هەولێر ڕێکخست. ئەم مەراسیمە بە ئامادەبوونی شێخ عەلی قەرعاوی، نوێنەری عەتەبەی حسێنی لە هەرێمی کوردستان و بەشداریی فراوانی کەسایەتییە ئایینی، کۆمەڵایەتی، ڕیشسپی و پیاوماقوڵانی ناوچەکە بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز لەلایەن قورئانخوێن (ویسام قاسم) دەستیپێکرد؛ دواتر شێخ (مونتەزەر عیساوی) لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مرۆییەکان و بەها باڵاکانی ڕاپەڕینی ئیمام حسێن (سەلامی خوای لێبێت) کە لە واقیعەی "تەف"دا بەرجەستە بوون. لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، ڕادود (حسێن عگێلی) بە خوێندنەوەی شیعر وبڕگەی ماتەمینی بەشداری کرد، کە کارلێکێکی بەرچاوی ئامادەبووانی لێکەوتەوە.
شێخ عەلی قەرعاوی، نوێنەری عەتەبەی حسێنی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)،بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی شێخ عەبدولمەهدی کەربەلایی، سەرپەرشتیاری شەرعی عەتەبەی حسێنی و بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی ئەمینداری گشتی، پلانێکی تۆکمە بۆ زیندووکردنەوەی مەراسیمەکانی مانگی موحەڕەم لە هەرێمی کوردستان داڕێژراوە. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەم ئامادەبوونە جەماوەرییە گوزارشت لە قوڵیی پەیوەندیی نێوان باوەڕداران و پەیامی ئیمام حسێن دەکات.
هەروەها قەرعاوی پێزانینی خۆی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە پای ئەو هاوکاری و ئاسانکارییە کارگێڕییانەی بۆ ئەنجامدانی ئەم مەراسیمانە پێشکەشیان کردووە. ئاماژەی بەوەش دا کە عەتەبەی حسێنی بۆ ماوەی دە ڕۆژی لەسەریەک لە هەولێر بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی بەرنامە ئایینی و خزمەتگوزارییەکانی، بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دروشمە حسێنییەکان و بەهێزکردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی.