نێودەوڵەتی – INA
ئاژانسی هەواڵی ئێرانی "ئیرنا" دەقی یاداشتنامەکەی نێوان ئێران و ئەمریکای بڵاوکردەوە، کە چوارچێوەیەکی بەرفراوان بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و کردنەوەی ڕێڕەوێکی گفتوگۆ بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا ئاشکرا دەکات، هاوکات چەند بەندێکی تایبەت بە لوبنان، گەرووی هورمز، سزاکان و داراییە سڕکراوەکانی ئێرانی لەخۆگرتووە.
ئاژانسی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە "کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەیەکەوە و بە نیەتێکی چاکەوە، لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتوون:
١. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە جەنگی ئێستادا، بە واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە، ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسەرجەم بەرەکانی جەنگدا، لەوانەش لوبنان، ڕادەگەیەنن؛ وە پابەند دەبن بەوەی کە لەمەودوا هیچ جەنگ یان ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکتر ئەنجام نەدەن، و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز یان بەکارهێنانی دژی یەکتر، هۆکاریش بن بۆ گەرەنتییکردنی سەلامەتیی خاک و سەروەریی لوبنان. ڕێککەوتنی کۆتایی جەخت لەسەر ڕاگرتنی هەمیشەیی جەنگ لەسەرجەم بەرەکان، لەوانەش لوبنان، دەکاتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو بڕگانەی تر کە لەم بەندەدا ماونەتەوە.
٢. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبن بە ڕێزگرتن لە سەروەری و سەلامەتیی خاکی یەکتری، و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی یەکتردا.
٣. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبن بە گفتوگۆکردن و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەیەکدا کە لە ٦٠ ڕۆژ تێنەپەڕێت، کە ئەم ماوەیەش بە ڕەزامەندی هەردوولا شابیلی درێژکردنەوەیە.
٤. دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێنراوە، هاوکات کۆتایی بە هەر جۆرە گێچەڵپێکردن یان ڕێگرییەک دەهێنێت، و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا گەمارۆ دەریاییەکە بە تەواوی کۆتایی پێدەهێنێت. لەم ماوەیەدا، قەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان هاوتای ئەو قەبارەیە دەبێت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێش جەنگ هەیبووە. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لەو ناوچانەی دەوروبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە ڕێککەوتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.
٥. بە واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەند دەبێت بەوەی کە بەپێی توانای خۆی، ڕێڕەوێکی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بە خۆڕایی دابین بکات، لە کەنداوی عەرەبی (فارس)ەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەشەوە، تەنها بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ. هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکاتەوە و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بە تەواوی دەبووژێتەوە، ئەمەش بە مەرجی لادانی ڕێگرییە تەکنیکی و سەربازییەکان و پاککردنەوەی مینەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوکاری لەگەڵ سوڵتانییەتی عومان دەکات بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی داهاتوو لە گەرووی هورمزدا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان و مافە سەروەرییەکانی ئەو دەوڵەتانەی کە دەڕواننە سەر گەرووی هورمز، هەروەها ڕاوێژ لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکەی سەر کەنداوی عەرەبی (فارس) دەکات.
٦. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانی پابەند دەبێت بە داڕشتنی بەرنامەیەکی کۆتایی لەسەرڕێککەوتوو بۆ بونیادنانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بڕە پارەیەک کە لە ٣٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت. دواهەمین وردەکارییەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا دادەڕێژرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش سەرجەم ڕەزامەندی، بەخشین و مۆڵەتە پێویستەکان بۆ مامەڵە داراییە پەیوەندیدارەکان پێشکەش دەکات.
٧. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵگرتنی سەرجەم ئەو سزایانەی کە بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێنراون، لەوانەش بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکانی ئەنجومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، و سەرجەم سزا یەکلایەنەکانی ئەمریکا، چ سەرەکی بن یان لاوەکی، ئەمەش بەپێی خشتەیەکی زەمەنی کە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەری ڕێککەوتن دەکرێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دانی پێدادەنێن کە پرسی سووککردنی سزاکان بەو شێوەیەی لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە، و نیازی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەی ئەم پرسانە لە گفتوگۆکاندا بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەسەری.
٨. کۆماری ئیسلامیی ئێران دووبارە جەخت دەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت و بەدەستی ناهێنێت. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێککەوتوون لەسەر یەکلاکردنەوەی دۆخی ئەو ماددە پیتێنراوانەی کە کۆگاکراون لە ڕێگەی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولاوە، و بەپێی ئەو خشتە زەمەنییەی لە بڕگەی ٧دا دەستنیشانکراوە، لانی کەم لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خەستییەکەی (تەنککردنەوەی) لە خودی شوێنەکەدا و لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا. هەروەها هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر تاوتوێکردنی پرسی پیتاندن و پرسە هاوبەشەکانی تری پەیوەندیدار بە پێداویستییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی قبوڵکراو کە لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا لەسەری ڕێککەوتن دەکرێت. ڕێککەوتنی کۆتایی جەخت لەسەر بڕگەکانی ئەم خاڵە دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرنگیی بنەڕەتیی پرسە ئەتۆمییەکانی سەرەوە بەرز دەنرخێنن، و نیازی خۆیان دەردەبڕن بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەم بابەتانە لە گفتوگۆکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی لایەنبەن لایەن (دوولایەنە).
٩. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێککەوتوون لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا (الوضع الراهن) تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی؛ ئێران دۆخی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەپارێزێت، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش چیدی هیچ سزایەکی نوێ بەسەر ئێراندا ناسەپێنێت، و هێزی سەربازیی زیاتریش لە ناوچەکەدا بڵاو ناکاتەوە.
١٠. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت، دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و تا کاتی هەڵگرتنی سزاکان، بە دەرکردنی بەخشینەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێرانی، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و داڕشتەکانیان، لەگەڵ سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش مامەڵە بانکییەکان، دڵنیایی و گواستنەوە و هاوشێوەکانیان.
١١. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە بەردەستخستنی تەواوی دارایی و سەرمایە بەستراو یان سڕکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەکارهێنان لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنەدا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی گفتوگۆکاندا لەسەر میکانیزمی ئازادکردنی ئەم داراییانە ڕێکدەکەون. ئەم پارانە، چ لە حیسابی سەرەکیدا بن یان گواسترابێتنەوە، بە تەواوی بەردەست دەبن بۆ پارەدان بە هەر سوودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری دەکرێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پابەند دەبێت بە دەرکردنی سەرجەم ڕەزامەندی و مۆڵەتە پێویستەکان لەم ڕووەوە.
١٢. کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکاری بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی بەڕێوەچوونی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە و پابەندبوونی داهاتوو بە ڕێککەوتنی کۆتاییەوە.
١٣. لە دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە، و بە مەرجی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی (١، ٤، ٥، ١٠ و ١١) و بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکەن بە گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە بە تەنها سنووردار دەبێت بەسەر ئەو بەندانەی کە ماونەتەوە.
١٤. ڕێککەوتنی کۆتایی لە ڕێگەی بڕیارێکی پابەندکەرەوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند دەکرێت."