بەغداد - INA - ویسـام مەلا
فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەدەستهێنانی ڕێژەی پێشکەوتووی لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی پاکێجی دووەم بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدادی پایتەخت ڕاگەیاند، هاوکات پلانێکی ئاشکراکرد بۆ گرتنەبەری چارەسەری پراکتیکی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوی ژێرزەوی لە تونێلەکانی كەناڵی جەیش.
حسێن موسەوی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ڕێگاوبان و پردەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "پڕۆژەکانی پاکێجی دووەم بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ، کە کارەکانی پێشتر دەستیان پێکردبوو، یەک لە دوای یەک دەست بە جێبەجێکردنیان کراوە و بەهۆی بارودۆخی داراییەوە هەموویان پێکەوە بە یەکجار ڕانەگەیەندراون"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "فەرمانگەکە ئەم پاکێجەی بە کارکردن لە هەردوو پردی ڕووباریی (سەرافیە) و (کرێعات) دەستپێکردووە".
موسەوی ڕوونیکردەوە: "پڕۆژەی پردی سەرافیە گەیشتووەتە قۆناغی پێشکەوتووی کۆتاییهاتن، بە شێوەیەک کە یەکتربڕی (براسا) بە شێوەیەک لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێکخستنی یەکتربڕەکەدا کراوەتەوە، جگە لە کردنەوەی یەکتربڕەکەی تری سەرافیە کە شەقامی عومەری کوڕی خەتاب بەو شەقامەوە دەبەستێتەوە کە دەچێت بۆ وەزارەتی تەندروستی"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم کارانە لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی تەوەرەی (سەفیەدین حلی) دێن کە لە ڕێگای خێرای محەمەد قاسمەوە درێژ دەبێتەوە بۆ فڕۆکەخانەی موسەنا، و بە تەواوبوونی پردی سەرافیە، تەوەرەکە بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا دەکرێتەوە".
وتیشی: "پاکێجی دووەم پڕۆژەی تونێلی (حەسەنەین)یش دەگرێتەوە کە دەکەوێتە ژێر پردی دوو نھۆمی ، لەگەڵ پردی شەقامی 60، سەرەڕای پڕۆژەی تونێلی وەزارەتی گواستنەوە بۆ نۆژەنکردنەوە و ڕێکخستنی ئەوەی کە ئێستا هەیە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "کارەکان چارەسەری بنەڕەتی و باشترکردنی دۆخی ئاوی ژێرزەوی دەگرێتەوە کە بە گشتی تونێلەکانی كەناڵی جەیش بەدەستیەوە دەناڵێنن".