بەدواداچوون - INA
ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، دابەزینێکی بەرچاوی لە کۆگاکانی نەوتی خاو و بەنزین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیاند، لە بەرامبەردا بەرهەمە پاڵێوراوەکان زیادیان کردووە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەردوام بن لە بەدەستهێنانی دەستکەوت و بەرزبوونەوە.
ئیدارەی ناوبراو لە ڕاپۆرتی هەفتانەی خۆیدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، ڕایگەیاند: "کۆگاکانی نەوتی خاوی ئەمریکا بە بڕی 8.3 ملیۆن بەرمیل دابەزیون و گەیشتوونەتە 418.2 ملیۆن بەرمیل لەو هەفتەیەی کە لە 12ی ئەم مانگی حوزەیرانەدا کۆتایی هاتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد: کە "ئەم دابەزینە زیاتر بووە لە پێشبینییەکانی شیکەرەوان لە ڕاپرسییەکی (ڕۆیتەرز)دا کە پێشبینی دابەزینی تەنها 4.6 ملیۆن بەرمیلیان دەکرد".
ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "کۆگاکانی نەوتی خاو لە ناوەندی گەیاندنی (کوشینگ) لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما، لە هەمان هەفتەدا دابەزینێکی تری بە بڕی 1.6 ملیۆن بەرمیل تۆمارکردووە".
لەسەر بنەمای ئەم زانیارییانە، نرخەکانی نەوت لەسەر ڕەوتی بەرزبوونەوەی خۆیان بەردەوام بوون؛ بە شێوەیەک کە گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی جیهانیی برێنت بەرزبوونەوە و گەیشتنە 80.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بە زیادبوونی 1.36 دۆلار، لە کاتێکدا گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساسی ئەمریکی بە بڕی 1.5 دۆلار بەرزبوونەوە و گەیشتنە 77.55 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئیدارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "پرۆسەکانی پاڵاوتنی نەوتی خاو بە بڕی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیادیان کردووە، لە کاتێکدا ڕێژەی کارکردنی پاڵاوگەکان بە ڕێژەی 1.4 خاڵی سەدی گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 96.7%".
سەبارەت بە بەرهەمە پاڵێوراوەكان، ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە: کە "کۆگاکانی بەنزین لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە بڕی 906 هەزار بەرمیل دابەزیون و لەسەر 214.2 ملیۆن بەرمیل جێگیر بوون، لە کاتێکدا پێشبینییە پێشووەکان ئاماژەیان بە دابەزینی یەک ملیۆن بەرمیل دەکرد"، هۆشداریشی داوە کە "کۆگاکانی بەرهەمە پاڵێوراوەکان (کە دیزڵ و نەوتی گەرمکردنەوە دەگرێتەوە) پێچەوانەی پێشبینییەکان بوون و بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل زیادیان کردووە و گەیشتوونەتە 103.1 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا شیکەرەوان پێشبینی دابەزینی بە بڕی 470 هەزار بەرمیل دەکرد".
لە کۆتاییدا ڕاپۆرتە ئامارییەکە گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە "تەواوی هاوردەکردنی نەوتی خاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا بە بڕی 241 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمیکردووە".