بەدواداچوون – INA
ئەمینداری گشتیی حزبوڵا شێخ نەعیم قاسم، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: مقاوەمەی ئیسلامی پڕۆژەی (ئیسرائیل)ی تێکشکاندووە و نەمانهێشتووە کۆنترۆڵی خاکەکەمان بکات، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد: ئێران بووەتە هێزێکی گرنگ کە خاوەنی پێگەی خۆی و هێزی خۆیەتی لە ناوچەکەدا.
شێخ قاسم لە گوتارێکدا لە کردنەوەی ئەنجومەنی ناوەندیی عاشوورا لە مەزارگەی سەید حەسەن نەسروڵا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "مقاوەمە زیاتر لە 500 ئامێری سەربازیی سوپای ئیسرائیلی تێکشکاندووە و 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی خستووەتە خوارەوە"، ڕوونیشیکردەوە: "زیانەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 1200 سەربازە بەپێی ئەوەی خۆیان ڕایانگەیاندووە، بەڵام ژمارەکان لەوەش زیاترن".
وتیشی: "پڕۆژەی داگیرکاریی ئەمریکا لە ئێران تێکشکا، و داوا دەکەین سوود لەم قۆناغە وەرچەرخانە وەربگیرێت دوای ڕێککەوتنەکە لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئێمە بەهێزین".
راشیگەیاند: "ئێران بووەتە هێزێکی گرنگ کە قسە و هێزی خۆی لە ناوچەکەدا هەیە و هاوسەنگیی هێزەکان دەگۆڕدرێن"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئیسرائیل لوبنانێکی دەستەوەسانی دەوێت بۆ ئەوەی داگیری بکات، و نەتانیاهۆش وتوویەتی کە ئیسرائیلی گەورەی دەوێت".
ڕوونیشیکردەوە: "پڕۆژەی ئیسرائیل لە لوبنان بریتییە لە کۆتاییهێنان بە حزبوڵڵا لە ڕووی سەربازی، سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە"، جەختیشیکردەوە: کە "حزبوڵڵا تەنها لە پێناو خاکدا شەڕ ناکات، بەڵکو بەرگری لە بوونی لوبنان و داهاتووی دەکەین".
وتیشی: "مقاوەمە پڕۆژەی ئیسرائیلی تێکشکاند و نەمانهێشت کۆنترۆڵی خاکەکەمان بکات".