بەغداد - INA - ویسام مەلا
یاریدەدەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان بۆ وڵاتانی عەرەبی، عەبدوڵڵا دەردەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، تیشکی خستە سەر وردەکارییەکانی گفتوگۆ دووقۆڵییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی زەیدی، و جەختیکردەوە: حکومەت چاکسازیی ئابووری لەسەر بنەمای بەدیجیتاڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پەیڕەو دەکات.
دەردەری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی زەیدی، لە کاتی دیدارەکەماندا لەگەڵیدا، دیدگایەکی بۆ چارەسەرکردنی ئابووری عێراق خستەڕوو، تێیدا باسی لە دامەزراوە ئابوورییەکان کرد کە بەپێی مۆدێلێکی ئابووری ڕاستەقینە کار بکەن، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ بوژاندنەوەی ئابووری عێراق".
وتیشی: " سەرۆک وەزیران باسی لە ئۆتۆماتیککردن و بەدیجیتاڵکردنی ئابووری عێراق و دامەزراوە گشتییەکانی عێراق کرد، لەگەڵ پەرەپێدانی سیستەمی دارایی بە شێوازێک کە ڕێگە بدات بە ڕاکێشان و کۆکردنەوەی سەرچاوە داراییەکان، بەتایبەتی وەبەرهێنانی تایبەتی عەرەبی و بیانی، بۆ کارکردن لە عێراقدا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "گفتوگۆ کرا لەسەر گەشەپێدانی ناوخۆیی، لەوانەش لە قەزای شنگال، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ دانیشتووانەکەی، سەرەڕای بەدیهێنانی سەقامگیری ئابووری لەو ناوچە ڕزگارکراوانەی کە دووبارە ئاوەدان کراونەتەوە، بەو پێیەی ئەو ناوچانە بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنن بەهۆی نەبوونی چالاکی ئابووری کاریگەر و دانەمەزراندنی کۆمپانیا و قەوارە ئابوورییەکان".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "دیدارەکە لەگەڵ سەرۆک وەزیران بووە هۆی تاوتوێکردنی سندوقی باشوور بۆ بوژاندنەوەی باری گوزەرانی ناوچەکانی باشوور، کە بەرزترین ڕێژەی بێکارییان تێدا تۆمارکراوە".
رونیشیكردەوە: "سەرۆک وەزیران تەرکیزی کردە سەر گۆڕانکاری و ڕاگواستن بەرەو ئابوورییەکی پێشبڕکێکار، لەگەڵ دابینکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو چینانەی کە ڕەنگە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەوە زیانمەند ببن، ئێمەش ئامادەین بۆ کارکردن لەم بابەتەدا"، ئاماژەی بەوەشکرد "لە دیدارەکەدا گفتوگۆش کرا لەسەر پشتگیریکردنی سندوقی گەشەپێدان، کە پێویستی بە یاسا و شارەزایی هەیە بۆ ئەوەی پشتگیری لێبکرێت تا ببێتە دەزگایەک بۆ ئاراستەکردنی سەرچاوە داراییە تایبەتەکان بەرەو پڕۆژەی وەبەرهێنانی لێکۆڵدراوە و حیساب بۆ کراو".
وتیششی: "بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان پسپۆڕە لە جێبەجێکردنی قەرزەکان بە شێوازێکی کاریگەر، خێرا، شەفاف و دوور لە گەندەڵی، بە ڕێوشوێنی جیهانی باوەڕپێکراو".