هەولێر - INA
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێداگیری لە مافی هەرێمی کوردستان كرد بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاساییی خۆی لە خەرجییەكانی حاکیمە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەت لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی گرنگی تاووتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران باسی لە دۆخی ئەو فەرمانبەرانە کرد کە خانەنشین بوون و هێشتا مووچەی خانەنشینییان وەرنەگرتووە. لەم بارەیەوە، جەخت لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە بەشێوەیەکی خێرا و یاسایی کرایەوە و ڕاسپاردەی پێویست بە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ، هەموو هەنگاوە یاسایی و کارگێڕییەکان بگرنەبەر بۆ دابینکردنی مووچەی خانەنشینیی ئەو کەسانە لە ڕۆژی شایستەبوونیانەوە.
پاشان، ئەنجومەنی وەزیران بابەتی وەرگرتنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی چاندنی ئەمساڵ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتنی گەنم، بە وردی تاووتوێ کرد.
لەم بارەیەوە، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕاپۆرتێکی وردی پشتبەستوو بە زانیاری و داتا و ژمارەی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تەواوی تەوەرەکان و بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو و ئەو ئاستەنگانەی لە ڕێگەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکاندا هەن، هەروەها هەوڵەکانی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم لەم بارەیەوە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ.
دواتر هەر یەک لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، زانیاری و وردەکاریی پێویستیان لەسەر ئەم بابەتە خستە ڕوو.
دوای گفتوگۆی فراوان و ڕاگۆڕینەوەی بۆچوونەکان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری دا؛ پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، ڕاسپێردران بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش، میکانیزمێکی گونجاو دابنێن بۆ ساخکردنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختیکردەوە: لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدڕاڵ، وەک لایەنی بەرپرسیار، پێویستە پلانی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان جێبەجێ بکات و لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانیش لەبەرچاو بگرێت.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، بابەتی شایستەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی تاووتوێ کرا. ئەو ئەندامانەی مەرجە یاساییەکانی تەمەن و ماوەی خزمەتی پێویست بۆ خانەنشینییان تەواو کردووە، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکانی خانەنشینی، مافی تەواوی خانەنشینییان هەیە و دەبێت ئەم مافەیان پارێزراو بێت.
بۆ ئەم مەبەستە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی دا، کە لە سەرۆکایەتیی دیوان، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و ئابووری پێکدێت، بۆ دانانی ڕێکار و میکانیزمی پێویست بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیوەندیدارەکان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بەشێوەیەکی دروست.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆیەکی وردی لەسەر خەرجییەکانی بودجەی حاکیمە کرد؛ ئەو خەرجییانەی لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵییەوە بۆ هەرێم تەرخان دەکرێت، لەوانەش بابەتی پسوولەی خۆراک و سەبەتەی خۆراکی مانگانە.
ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ پشتگیریکردنی لە هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چاکسازی و ڕێکخستنەوەی سیستەمی سەبەتەی خۆراک، جەختی لەسەر مافی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ وەرگرتنی بەشی شایستە و یاساییی خۆی لە خەرجییە حاکیمەکان، وەک خۆراک، دەرمان، بەبازاڕکردنی گەنم، پشتیوانیی وزە و کارەبا و هتد، بەشێوەیەک کە هاووڵاتییانی هەرێم بە تەواوی سوودمەند بن.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی ورد، پشتبەستوو بە داتا و زانیاریی دروست و بنەما یاسایی و دەستوورییەکان ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئەم مافانە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵ بەشێوەیەکی ڕوون جێگیر بکرێن، هەروەها ڕێکارە خێرا و کاریگەر بگیرێنەبەر بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنی ماف و شایستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی حاکیمە.