بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا جەختی لەسەر ئامادەیی ٢٠ دەوڵەت کردەوە بۆ دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز.
ماکرۆن لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی لووتکەی حەوت(G7) لە فەڕەنسا ڕایگەیاند: "٢٠ دەوڵەت ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەیەکدا بەمەبەستی پاراستنی هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز".
وتیشی: "پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و ئێران دەکەین؛ چونکە کۆتایی بە ناسەقامگیریی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووریمان دەهێنێت".
ڕوونیشیکردەوە: "کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت داوای بەهێزکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیان بۆ کەرتی غەززە و کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکانی کەناری ڕۆژاوایان کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هاوسەنگیی هێز لە ئۆکرانیا گۆڕاوە و هێزەکانی بەرەو پێش دەچن و ڕووسیا پاشەکشە دەکات، ئێمەش دەمانەوێت پاڵپشتیی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا بکەین"، تیشکیشی خستەسەر ئەوەی کە "لووتکەی کۆمەڵەی حەوت لە بارودۆخێکی ئاڵۆزدا بەڕێوەچوو و ڕێگەی خۆشکرد بۆ هەماهەنگی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و تەحەدداکانی ئێستادا".