بەغداد ـ INA ـ نەسار حاج
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، دووپاتیکردەوە: جێگیرکردنی ڕیزبەندیی متمانەی دارایی عێراق، پەیامێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ وەبەرهێنەران و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان.
ساڵح، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "ئاژانسی ستاندارد ئەند پورز، ڕاپۆرتی خۆی بۆ مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ڕیزبەندیی متمانەی دارایی عێراقی لەسەر ئاستی (B-/B) هێشتووەتەوە، لەگەڵ لادانی چاودێریی متمانەی دارایی کە پێشتر بەسەریدا سەپێنرابوو"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە ئابووریی عێراق بە هەنگاوی جێگیر بەرەو بەهێزکردنی بەردەوامیی دارایی هەنگاو دەنێت، سەرەڕای تەحەددییە هەرێمییەکان".
وتیشی: "ئاژانسەکە پێشبینی کردووە کە نرخەکانی نەوت کە لە سەررووی تێکڕاوە دەبن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٦دا، هاوکار بن لە پاڵپشتیکردنی داهاتە داراییەکان و باشترکردنی تەرازوی پێدانەکان".
ڕوونیشیکردەوە: کە "جێگیرکردنی ڕیزبەندیی متمانەی دارایی، پەیامێکی دڵنیاکەرەوەی ڕوون بۆ وەبەرهێنەران و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت، و متمانەی بازاڕەکان بە ئابووریی عێراق بەهێز دەکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە قۆناغی داهاتوودا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "کەمبوونەوەی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ناوچەکەدا و پاشەکشەی ئەو هەڕەشەیانەی کە ڕووبەڕووی جووڵەی بازرگانی و وزە دەبوونەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی چالاکیی ئابووری و بەهێزکردنی سەقامگیریی دارایی"، لایەنێکی تریشی خستەڕوو کە "هەناردەی نەوتی عێراق چانسی هەیە بگەڕێتەوە بۆ ئاستە ئاسایی و ئەوپەڕی توانای خۆی کە دەگاتە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا یان زیاتر، بۆ پڕکردنەوەی خواستە پەرەسەندووەکانی بازاڕە جیهانییەکان".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەرزبوونەوەی داهاتە نەوتییە پێشبینیکراوەکان، مەودایەکی فراوانتر دەبەخشێتە دارایی گشتی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکانی ژێرخان و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و بەهێزکردنی یەدەگە بیانییەکان"، جەختیشی کردەوە کە "ئەمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ پاڵپشتیکردنی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و هاندانی چالاکیی ئابووری لە کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا".
ئاشكراشیكرد: "ئەم نیشاندەرانە ڕەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر ڕێژەکانی گەشەی ئابووری دەبێت لە ڕێگەی زیادکردنی خەرجییەکان لەسەر پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان و ژێرخانەکان، باشترکردنی ژینگەی کار، و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری نوێ، جیا لە بەهێزکردنی توانای وڵات بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی"، پێداگریشی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەم هۆکارانە پاڵپشتیی ڕێڕەوی گەشەی بەردەوام دەکەن و ئاستی خۆشگوزەرانیی ئابووریی هاووڵاتیان لە قۆناغی داهاتوودا بەرز دەکەنەوە".