بەغداد - INA
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی ناوچەکە و جیهاندایە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، پێشوازی لە گلین مایلز باڵیۆزی ئوسترالیا لە بەغداد کرد."
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا باسیان لە "بەهێزکردنی پەیوەندییە دووڵایەنەکانی نێوان عێراق و ئوسترالیا و ڕێگاکانی بەردەوامبوونی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتی دۆست لە سەرجەم ئاستەکاندا کردووە، سەرەڕای پێداچوونەوە بە دواین پێشهاتەکانی بارودۆخی گۆڕەپانی هەرێمی و نێودەوڵەتی."
ئەعرەجی جەختیکردەوە: "پاڵپشتیکردنی بڕیاری ئاگربرست و ڕێککەوتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران، هەنگاوێکی گرنگە و لە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندایە، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی کە هەیەتی لە بەهێزکردنی سەقامگیری ئەمنی و ئابووری و پشتگیریکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدانی بەردەوام".
هەروەك ئاماژەی بە "گرنگی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا" کرد و ڕوونکردەوە: "عێراق بەشێکە لە دەوروبەری عەرەبی خۆی، و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و هاوکاری هاوسەنگە، بەشێوەیەک کە بەشداربێت لە پێکهێنانی سیستەمێکی هەرێمی تەواوکاری، بەتایبەت لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووریدا."
ڕوونیشیکردەوە: "حکومەت بەردەوامە لە پڕۆژەی كۆنترۆڵكردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە ئەمەش بڕیارێکی تەواو عێراقییە، وەک پاڵپشتییەک بۆ هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان."
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی ئوسترالیا جەختی لە "پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات"، و ئاماژەشی بە "پشتیوانی حکومەتەکەی کرد بۆ هەوڵەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا."