نێودەوڵەتی – INA
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند کە سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ماوەی شەودا ١٧٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (درۆن) ئۆکرانییان لە ئاسمانی چەند ناوچەیەکی ڕووسیا و هەروەها لە ئاوەکانی دەریای ئازۆف و دەریای ڕەشدا تێکشکاندووە و بەرپەرچ داوەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسەکانی بەرپەرچدانەوەکە لە ماوەی نێوان ١٥ی حوزەیران تا ١٦ی حوزەیران ئەنجامدراون، و ئاسمانی هەرێمەکانی (ئاستراخان، بێلگۆرۆد، بریانسک، کالوگا، کورسک، ڤۆڵگۆگراد، ڤۆرۆنیژ، ئۆریۆڵ، تامبۆڤ، تولا، ڕۆستۆڤ، و ڕیازان) و ناوچەی مۆسکۆ، و هەرێمی کراسنۆدار، و کۆماری قرم، لەگەڵ ئاوەکانی دەریای ئازۆف و دەریای ڕەشی گرتووەتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە نزیک مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە لە نیوەی شەوەوە بۆ ٦٠ فڕۆکە بەرزبووەتەوە.
لەلایەکی تریشەوە، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ ڕایگەیاند کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر پایتەختی ڕووسیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بەردەوام بووە، و ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە فڕۆکەکان زیانی بە یەکێک لە دامەزراوەکانی پاڵاوگەی نەوتی مۆسکۆ گەیاندووە.
سۆبیانین دووپاتی کردەوە کە هیچ برینداربوونێک تۆمار نەکراوە، و تیمەکانی فریاکەوتن و فریاگوزاری خێرا لە شوێنی ڕووداوەکە بەردەوامن لە کارەکانیان.
لە هەرێمی کراسنۆداریش، شارۆچکەی پۆڵتاڤسکایا ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، و زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت کۆگایەکی نەوت لە شارۆچکەکەدا ئامانجی سەرەکی لێدانەکە بووبێت.
سەرچاوە: ڕووسیا تودەی (RT)