بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دەرەوە، پێشوازی لە گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا کرد، هاوكات جەختی لەوە کردەوە کە عێراق بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵی هەمیشەیی خۆی لە نزیککردنەوەی دیدگای نێوان وڵاتانی ناوچەکە.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، ڕایگەیاند: "پێشوازیی خۆمان بۆ گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەردەبڕین"، هاوكات "پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سەرجەم ئەو هەوڵانە دووپات کردەوە کە ئامانجیان بەهێزکردنی گفتوگۆ و پێشخستنی چارەسەرە دپلۆماسییەکانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و ململانێکاندا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەتەکە، بە ناوی حکومەت و گەلی کۆماری عێراقەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی حکومەت و گەلی هەردوو وڵاتی دۆست دەکات بەم بۆنەیەوە"، و هیوای خواست کە "ئەم هەنگاوە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی، و کردنەوەی ئاسۆیی نوێ بۆ لێکتێگەیشتن و هاوکاری بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە بکات".
وەزارەتەکە جەختی لەوەش کردەوە کە "هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی عێراق بەردەوام لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی شەڕ و پشتبەستن بە گفتوگۆ و ئامرازە ئاشتییانییەکان بووە وەک تاکه ڕێگە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان، و لەم چوارچێوەیەدا، بە بایەخەوە بەدواداچوونی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان و ئەو هەوڵانە کردووە کە بوونە هۆی گەیشتن بەم یاداشتە". لەم پێناوەشدا، وەزارەتەکە پیرۆزبایی ئاراستەی "حکومەتی کۆماری ئیسلامیی پاکستان و دەوڵەتی قەتەری برا کرد بۆ هەوڵەکانیان لە نێوەندگیری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوی دانوستانەکان، تا گەیشتن بە کۆتایهێنان بە پرۆسە سەربازییەکان".
ڕوونی کردەوە کە "عێراق زۆر ناڵاندوویەتی بەدەست دەرئەنجامەکانی ململانێ و ئەو شەڕانەی کە ناوچەکە بەخۆیەوەی بینیون، ئەمەش قەناعەتی پتەوی عێراق بەهێزتر دەکات لەسەر بایەخی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و بەدوورگرتنی ناوچەکە لە کەوتنە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ".
وەزارەتی دەرەوە هیوای خواست کە "ئەم پێشهاتە ببێتە هۆی کۆتایهێنان بە دۆخی شەڕ بە شێوەیەکی کۆتایی"، و جەختی لە "بەردەوامیی عێراق کردەوە لەسەر دانی هەوڵەکان بۆ چاککردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە برا و دۆستانەی کە بەهۆی دەرئەنجامەکانی قەیرانی ئەم دواییەوە کاریگەر ببوون".
باسی لەوەش کرد کە "ناوچەکە ئەمڕۆ پێویستی بە کارێکی بەکۆمەڵ هەیە کە پشت بە بنەماکانی ئاسایشی بەکۆمەڵ و هاوکاریی هاوبەش ببەستێت، بە جۆرێک کە بەردەوامیی سەقامگیری و ئاسایش مسۆگەر بکات، و هیوای گەلانی بەرەو گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بهێنێتە دی"، و ئاماژەی بەوە کرد کە "لەناو ئەم چوارچێوەیەدا، عێراق بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵی هەمیشەیی خۆی لە نزیککردنەوەی دیدگای نێوان وڵاتانی ناوچەکە، ئەمەش لە سۆنگەی سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ و هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ چەسپاندنی گفتوگۆ و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هەرێمی".
وەزارەتەکە هەروەها "دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بۆ ڕاگەیاندنی نزیکبوونەوەی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم جووڵەی دەریاوانیدا بە شێوەیەکی ئاسایی، بەهۆی ئەو بایەخە باڵایەی کە هەیەتی لە مسۆگەرکردنی ڕەوانیی لێشاوی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان، و بەشداربوونی لە بەهێزکردنی سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی نێودەوڵەتیدا".