🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک ترامپ تەمەنی بوو بە 80 ساڵ؛ کۆشکی سپی میوانداری پێشبڕکێی هونەری جەنگی دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/15 07:05

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کە 45 و 47مین سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە 14ی مانگی شەشی ساڵی 2026 تەمەنی بوو بە 80 ساڵ، ئەم بۆنەیەش هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی ئاڵا وهەروەها لە لەکاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خۆی بۆ یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکە ئامادە دەکات.

دۆناڵد جان ترامپ لە 14 مانگی شەشی ساڵی 1946 لە ناوچەی کوینز لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە.

ترامپ لە ئەکادیمیای سەربازی نیویۆرک و پاشان لە قوتابخانەی وارتن لە زانکۆی پێنسیلڤانیا خوێندوویەتی. لە ساڵی 1971 کۆمپانیای خانووبەرەی باوکی گرتووەتە دەست و ناوی گۆڕیوە بۆ ڕێکخراوی ترامپ.

کۆمپانیاکە وردە وردە چالاکییەکانی فراوانتر کرد بۆ بوارە جیاوازەکان، لەوانە هۆتێل، هاوینەهەواری، بینای نیشتەجێبوون و بازرگانی، کازینۆ و یاریگای گۆڵف.

ساڵی 1987 یەکەم کتێبی خۆی بە ناوی هونەری مامەڵە کردن بڵاوکردووەتەوە و دوای ئەوەش چەندین کتێبی بڵاوکردەوە و لە ساڵی 2004دا، بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی دەستپێکرد.

دۆناڵد ترامپ دەیان ساڵە لە ڕۆژنامە و گۆڤار و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا جێگەی سەرنجە. یەکێک لە خاڵە دیارەکانی هەندێک لە چاوپێکەوتنەکانی دۆناڵد ترامپ کە ساڵانێکە لە ئینتەرنێتدا بەردەستە، جەختکردنەوەیەتی لەسەر دۆستایەتی و دڵسۆزی. سەرۆکی ئەمەریکا زۆرجار لەم چاوپێکەوتنانەدا بە بەرزی باسی دایک و باوکی کردووە.

ترامپ لە ساڵی 2005 لەگەڵ مێڵانیا کناوس هاوسەرگیری کردووە، ئەنجامی ئەم هاوسەرگیرییە کوڕێکە بە ناوی بارۆن. هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا خاوەنی چوار منداڵی دیکەیە لە هاوسەرگیرییەکانی پێشووی بە ناوەکانی دۆناڵد جونیۆر، ئیڤانکا، ئێریک و تیفانین.

دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2016 کاندیدی کۆمارییەکان بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و لە کێبڕکێی کۆتاییدا لە هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکای بردەوە. دروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی بریتی بوو لە "جارێکی دیکە ئەمەریکا مەزن بکەینە."

بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ لەو سەردەمەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان سوودی لە سۆشیال میدیا و بەتایبەت ئێکس وەرگرت و لە ڕێگەی ئەمەوە پلانی سیاسی و ئەولەویەتەکانی خۆی ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک دەربڕی.

لە ماوەی خولی یەکەمیدا، پڕۆژە یاسای چاکسازی باجی واژۆ کرد و چەندین ڕێسای فیدراڵی بڕی.

سیاسەتە بازرگانییەکانی بریتی بوون لە باج لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆم و کاڵاکانی تر. هەروەها ئیدارەکەی لەگەڵ کەنەدا، چین، مەکسیک، ژاپۆن و کۆریای باشوور دانوستانێکی لەسەر ڕێککەوتنە بازرگانییەکان کردەوە.

هەروەها لە ناوخۆدا هەنگاوی زۆر گرنگ و کاریگەرانەی ناوە، لەوانە دانانی سێ دادوەری دادگای باڵا و زیاتر لە 200 دادوەری فیدراڵی، زیادکردنی بودجەی سەربازی، توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سنوور و کۆچبەران، چاکسازی لە سیستەمی دادوەری تاوانکاری، هەوڵدان بۆ دابەزاندنی نرخی دەرمان.

لە سیاسەتی دەرەوەدا، یەکێک لە گرنگترین کارەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بوو لە ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم و گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی. هەروەها ترامپ لە ساڵی 2018 لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور کۆبووەوە، کە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکێکی ئەمەریکا و سەرکردەیەکی کۆریای باکوور بوو.

خولی دووەمی ترامپ دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024بەرامبەر بە کامەڵا هاریس دەستیپێکرد. ئەو بە 312 دەنگی ئەڵکتراڵ گەڕایەوە کۆشکی سپی و بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە دوو خولی نا لەسەر یەک ببێت بە سەرۆک.

ترامپ لە خولی یەکەمی خۆیدا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کشایەوە و هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاند و قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی لەناوبرد.

دۆناڵد ترامپ لە خولی دووەمی خۆیدا فەرمانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەمان کاتدا لەگەڵ شەڕی 12 ڕۆژەی ئیسرائیلدا دەرکرد. پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی و زۆرێک لە بەرپرسانی باڵای سەربازی و بەرپرسانی ڕێژیمی لەناوبرد، بە ئامانجی فشارخستنە سەر ڕێژیم بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

سەرۆک ترامپ چەندین جار باسی لەوە کردووە کە ئامانجی ئەو ڕێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و لە چەند هەفتەی ڕابردووشدا چەندین جار باسی لە پێویستی دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ئەگەری کردەوەی سەربازیی زیاتر لە ئەگەری شکستی دیپلۆماسی کردووەتەوە.

یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی دۆناڵد ترامپ لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا خۆی بۆ ئاهەنگێکی مێژوویی ئامادە دەکات. لە 4ی جولای 2026، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا 250 ساڵەی سەربەخۆیی و دامەزراندنی ئەم وڵاتە دەکاتەوە.

حکوومەتی ئەمەریکا کۆمەڵێک بەرنامەی بۆ ئەو بۆنەیە ئامادە کردووە کە بریتین لە مەراسیمی فەرمی لە واشنتن، پێشانگای مێژوویی، بۆنە کولتوورییەکان، بەرنامەی پەروەردەیی، نمایش و ئاهەنگی ناوخۆیی لە سەرانسەری وڵاتدا.

ترامپ چەندین جار ئەم یادە بە "ئەمەریکا 250" ناوی بردووە و ڕایگەیاندووە مەبەست لەم بەرنامانە ڕێزلێنان لە مێژوو و بەها و دەستکەوتەکانی ئەمەریکایە.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە 14 مانگی شەش میوانداری چالاکییەکی وەرزشی بێ وێنەی کرد لە باشووری کۆشکی سپی، چالاکییەکە بەناوی یۆ ئێف سی فریدۆم 250، یەکەم چالاکیی هونەری جەنگی تێکەڵاوی ئاست بەرزە کە لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو.

لە میانی چالاکییەکەدا قەفەسێکی هەشتگۆشەیی کە شوێنی شەڕەکانی ئۆ ئێف سی- یە، بە شێوەیەکی کاتی لە بەشی باشووری کۆشکی سپی دانرا و هەزاران میوان بانگهێشت کران بۆ بینینی یارییەکان.

ترامپ لە 80 ساڵەی لەدایکبوونیدا هەروەها ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی بەرایی گەورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند کە هاوکات زەمینەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دادەنێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)