بەغداد - INA
سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان محەمەد شیاع سوودانی، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ کاربەڕێکەری کاروباری ئەمریکا، جۆشوا هاریس، جەختیکردەوە: کە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتیان داوە بە سەرۆک وەزیران بۆ بەردەوامبوون کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە جۆرێک کە دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز بکات، ئاماژەی بەوەشکرد: عێراق بە جدی هەنگاو دەنێت بەرەو دابینکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی ئارام و سەرنجڕاکێش.
نووسینگەی سوودانی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، محەمەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جۆشوا هاریس کرد، و باسیان لە ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش و ڕێگاکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووڵایەنەکان کرد، لەگەڵ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سەر گۆڕەپانی ناوخۆیی و ناوچەیی".
سوودانی لە میانەی دیدارەکەدا جەختیکردەوە: کە "هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، دەسەڵاتیان داوە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە بەرنامەی حکومەتدا هاتووە سەبارەت بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا"، و تەئكیدیشی لەسەر "بەردەوامبوون لە پێدانی دەسەڵات بە حکومەت و ئەو پلانەی کە داڕێژراوە بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم ڕێڕەوە کردەوە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتی دەوڵەت بەهێز بکات و ئاسایش و سەقامگیری بپارێزێت".
هەروەها جەختیکردەوە، لەسەر "پێویستی دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە مافەکانی حەشدی شەعبی و کارمەندانی ڕێکدەخەن، بە جۆرێک کە پاراستنی قوربانییەکانیان مسۆگەر بکات و ئامادەیی ئەوان لە ناو چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکانی دەوڵەتدا بەهێزتر بکات".
سەرۆکی هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بە "گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابووری، وزە و وەبەرهێنان، و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و ئاوەدانکردنەوە"، و وتیشی: "عێراق بە جدی هەنگاو دەنێت بەرەو دابینکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی ئارام و سەرنجڕاکێش کە بەشدار بێت لە بەگەڕخستنی چەرخی ئابووری نیشتمانی".
سوودانی گرنگترین ئاستەنگە ڕووبەڕووبووەوەکانی ئێستای خستەڕوو، و جەختی لەسەر "پابەندبوون بە پشتگیریکردنی حکومەتی ئێستا و سەرخستنی بەرنامەکەی لە ڕێگەی هەردوو ڕێڕەوی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە کردەوە، بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی، ئاسایش و ئابووری بەهێز بکات".
باسی لەوەشکرد: کە "عێراق بەردەوامە لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی لە کەرتەکانی گاز و وزەدا لە ڕێگەی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی، و هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، سەرەڕای پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەردوو بواری سەربازی و ئەمنیدا بەرەو هاوکاری دوولایەنی هاوبەش، لە جیاتی فۆرمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
لەلایەن خۆیەوە، کاربەڕێکەری کاروباری ئەمریکا پێزانینی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ "ئەو ههوڵانەی کە دەدرێن لە پێناو سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان"، و جەختیشی لەسەر "ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردەوە بۆ پشتگیریکردنی کەرتی وزە لە سەرجەم بوارەکانیدا، سەرەڕای پابەندبوونی بە بەردەوامبوون لەو پڕۆژانەی کە تایبەتن بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی دوولایەنەییان لەگەڵ عێراق واژۆ کردووە".