بەغداد - INA
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەیبەت حەلبووسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختیکردەوە: ئاسایشی ناوچەی عەرەبی یەکەیەکی دانەبڕاوە و سەقامگیرییەکەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش و بەکۆمەڵە.
حەلبووسی لە وتارێکدا لە ٣٩هەمین کۆنگرەی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی کە بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، و نووسینگەی ڕاگەیاندنی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوەو بەیاننامەكەی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: کۆماری عێراق جەخت لەسەر بنەمای سەروەریی جێگیر و نەگۆڕ دەکاتەوە: ئەویش ئەوەیە کە سەروەریی دەوڵەتان دروشمێک نییە بەرز بکرێتەوە، بەڵکو پابەندبوونێکە کە دەبێت بپارێزرێت. لەم سۆنگەیەشەوە، بە ڕوونی و بێ هیچ لێکدانەوەیەکی تر ڕایدەگەیەنین: عێراق نابێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، نە دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ چوونە ناو هیچ دەستدرێژییەک، و نە دەبێته سەکۆیەک بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایش و سەقامگیریی هیچ دەوڵەتێکی عەرەبی. ئێمە بە توندی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر وڵاتێک ڕەتدەکەینەوە، سەرچاوە و پاساوەکەی هەرچییەک بێت.
جەختیشیكردەوە: کە ئاسایشی ناوچەی عەرەبیمان یەکەیەکی دانەبڕاوە، و سەقامگیرییەکەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و عێراق شانازی بە ڕەگ و ڕیشە و ناسنامەی عەرەبیی خۆیەوە دەکات، و شانازی بە دۆستایەتی و نزیکایەتی لەگەڵ براکانیدا دەکات، و بە توندی کار دەکات بۆ دروستکردنی پردی هاوبەشیی پتەو لەسەر بنەمای برایەتی، و ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش.
وتیشی: پرسی فەلەستین وەک قیبلەنما و ئاڕاستەیەک دەمێنێتەوە کە هەرگیز لا نادات، و دۆزی یەکەم و ناوەندیی عەرەب دەبێت. ئەم دۆزە لە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەوەی عێراقدا دەمێنێتەوە، وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر پشتگیریی ڕەهای ئێمە بۆ مافەکانی گەلی فەلەستین لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بە سەروەریی تەواوەوە کە پایتەختەکەی شاری قودس بێت.
راشیگەیاند: هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان لە پشتگیریکردنی کۆماری لوبنانی برا نوێ دەکەینەوە، هاوشانی دەبین لە هەر ڕێوشوێنێک کە دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاساییش، و سەقامگیری و سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا، لە دژی ئەو دەستدرێژییە دڕندانە و پێشێلکارییە ئاشکرایانەی کە قەوارەی زایۆنی ڕۆژانە ئەنجامیان دەدات و تێیدا سووکایەتی بە بڕیار و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
تەئكیدیشیكردەوە: لەسەر هاوپشتیی تەواو و بێ مەرجی عێراق لەگەڵ ئەو دەوڵەتە عەرەبیانەی کە بە بارودۆخی نائاساییدا تێپەڕدەبن، وەک سووریا، یەمەن، لیبیا و سۆماڵ.
وتیشی: ئێمە بڕوامان وایە کە یەکڕیزیی هەڵوێستی پەرلەمانی عەرەبی ئەمڕۆ بووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ هاوشانبوون لەگەڵ قەبارەی ئەو ئاڵنگارییە پەرەسەندووانە، و بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە چەسپاندنی ئاسایش، و سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەماندا.
دووپاتیشیكردەوە: پابەندبوونی پتەوی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ پشتگیریکردنی هەر هەوڵێک کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی عەرەب و چەسپاندنی سەقامگیری بێت، بۆ بەدیهێنانی هیوا و خواستەکانی گەلانمان لە پێناو سبەینێیەکی ئارام و داهاتوویەکی گەشاوەدا.