بەغداد- INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ یونس مەحمود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی ھەڵبژاردە نیشتمانییەکان و یانە وەرزشییەکانی تاووتوێ کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە شوێنی حەوانەی خۆی پێشوازی لە یوونس مەحموود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد، بە مەبەستی تاووتوێکردنی دۆخی تۆپی پێی عێراق و ئەو ڕێگایانەی کە پاڵپشتی لە ھەڵبژاردە نیشتمانییەکان و یانە وەرزشییەکان دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دیدارەکەدا، گرنگترین ئەو ئاڵۆزی و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ڕەوتی تۆپی پێی عێراق دەبنەوە، لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی کە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وەرزشی پێویستن، تاووتوێ کران، سەرەڕای پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی یەکێتییەکە بۆ سەرخستنی شایستە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی داھاتوو".
بەپێی بەیاننامەکە، فەیحان لە کاتی دیدارەکەدا ئاماژەی بە "گرنگی کەرتی وەرزش وەک ڕوویەکی شارستانی بۆ عێراق و سەرچاوەیەک بۆ یەکخستنی تواناکانی گەنجانی عێراق" کردووە، و جەختیشی لەسەر "پاڵپشتی تەواوی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ هەر کارێک کە ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق لە ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکاندا" کردووەتەوە.
وتیشی: "پێویستە سەرجەم تواناکان دابین بکرێن بۆ پەرەپێدانی یانەکان و هەڵبژاردەکان، بە شێوەیەک کە بەردەوامی بەدەستهێنانی ئەو ئەنجامە ئەرێنییانە مسۆگەر بکات کە شایستەی ناوی عێراق بن".
لەلایەن خۆیەوە، یونس مەحمود، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ، "ڕوونکردنەوەیەکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پلانەکانی یەکێتییەکە بۆ قۆناغی داهاتوو و خواستەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی یارییەکە پێشکەش کرد"، و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەکانی جێگری یەکەم و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ وەرزش و وەرزشوانان دەربڕی، و جەختی کردەوە کە "ئەم بایەخدانە هاندەرێکی بەهێزە بۆ پێشکەشکردنی توانای زیاتر".
بەیاننامەکە لە کۆتاییدا دەڵێت: "دیدارەکە بە جەختکردنەوەی هەردوولا لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان دامەزراوەی یاسادانان و یەکێتیی وەرزشی کۆتایی هات، بە مەبەستی ڕەواندنەوەی بەربەستەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تۆپی پێ لە وڵاتدا".