🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

پارتی و یەکێتی ئەگەری چەکدانانی پێشمەرگە ڕەت دەکەنەوە

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/05 22:11

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕەتی دەکاتەوە پێگەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هاوتا بێت لەگەڵ میلیشیا شیعەکان و دەڵیت لە کاتێکدا پێشمەرگە خەباتی بۆ عێراق کردووە، میلیشیا شیعەکان بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە عێراق و دراوسێکانی.

ئیخلاس دلێمی، ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "جەخت دەکەمەوە لەوەی پێشمەرگە هێزێکی شەڕکەری ڕێکخراوە کە بە پێی یاسا شەرعییەتی پێ دراوە و بە گوێرەی بەندێکی دەستور وەک پاسەوانی هەرێم دەستنیشان کراوە و ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی هەرێمەوە گرێ دراوە. ئەمە بابەتێکی یاسایی و دەستوری ڕوونە کە بە هیچ شێوەیەک دەرفەتی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ نییە."

لێدوانی پەرلەمانتارەکەی پارتی لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند گرووپێکی میلیشیای شیعە دەڵێن بڕیاریان داوە بە پچڕاندنی پابەندی سیاسی لە دەرەوەی دەوڵەت و چوونەتە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی عێراقەوە.

بڕیاری ئەو گرووپانە بووەتە هۆی دروستبوونی پرسیار لەسەر چارەنووسی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.

ئیخلاس دلێمی ڕایگەیاند، "‌هێزەکانی پێشمەرگە بە خوێن و بەرخودان و بەرەنگاربوونەوە دژ بە ستەم بۆ چەندان ساڵ دروست بووە. ئەو دەستکەوتە یاساییانەی بەدەستی هێناون بەرهەمی خەباتی سەدەیەک و چەندین داستانی مێژووییە کە بە خوێنی شەهیدەکانییەوە لە سەرتاسەری خاکی عێراقدا نەخشێنراوە."

دوێنێ پێنجشەممە، مەحمود خۆشناو، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هەمان شێوە پرسی چەکدانانی پێشمەرگەی ڕەتکردەوە و بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "کاتێک باس لە دامەزراوەی پێشمەرگە دەکرێت، ئەوە دامەزراوەیەکی دەستووری-یاساییە، بەپێی مادەکانی دەستووری عێراق، ئەوان وەک پاسەوانی هەرێم و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم وان، کە لە دەستووردا چەسپاون."

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی دا بەوەی "پێشمەرگە ناوبانگێکی مێژوویی هەیە کە بەرگەی چەندین سەختی و خەباتی دژ بە کوشتن و چەوساندنەوەی گرتووە، ڕۆڵی گەورەی هەبووە و بەردەوامیشی هەیە لە نەهێشتنی تیرۆر، هەروەها بناغەی سەرەتاییە بۆ بنیاتنانی سوپا و هێزەکانی عێراق لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراقدا."

باسی لەوەشکرد، لەڕووی یەکخستنی پێشمەرگەوە پێشتر هێزەکانی 70 و 80 هەبووە، بەڵام بە هاوکاری هاوپەیمانان و ئەمەریکا هەنگاوی زۆر نراوە بۆ یەکخستنەوەیان.

بڕگەی 121 لە دەستوری عێراق مافی داوە بە هەرێمەکانی ناو دەوڵەتی فیدراڵی عێراق هێزی "پاسەوانیان" هەبێت. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا ڕایانگەیاندووە پێشمەرگە هێزی پاسەوانی هەرێمی کوردستانە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕۆژی چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند، "ماوەیەكە بە هۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتۆتە ئاراوە، هەندێ لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لەوبارەیەوە لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو. لێرەدا پێویستە هەموو لایەک ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە. چەكی پێشمەرگە پارچە ئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەكی پێشمەرگە مێژوو و فیداكاری و كەرامەت و بیروباوەڕیەتی. چەكی پێشمەرگە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل و خاک و نیشتیمانەكەی هەیەتی."

بە گوێرەی پەرلەمانتاری پارتی ئیخلاس دلێمی، هەڵوەشاندنەوەی گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێران لە ئەنجامی فشارە ڕاستەوخۆکانی ئەمەریکایە و دەبێتە هۆی بەهێزکردنەوەی پێگەی عێراق لە جیهاندا.

ئیخلاس دلێمی ڕایگەیاند، "دەزانین ئەم گرووپانە لە ڕابردوودا زیانیان بە عێراق و بەرژەوەندییەکانی گەیاندووە، هێرشی گەورەیان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، هەروەها بوونەتە هۆی ئەوەی عێراق بکەوێتە ناو گێژاوێکی گەورەوە لە قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە بەهۆیەوە عێراق لە وڵاتانی دیکە دابڕاوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تێکچووە، وە بە هۆیانەوە عێراق سزای خراوەتە سەر."

ڕاشیگەیاند، "ئەمە بە شێوەیەکی گشتی هەنگاوێکی باشە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی و وڵات دەرباز دەکات لەو قەیرانە ئابووری و سیاسییانەی بە هۆی ئەو گرووپانەوە تێی کەوتووە. داواکاری و گوشاری زۆر هەبووە لەلایەن ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە، لە هەمان کاتدا داواکاری هاوشێوە هەبووە لەلایەن گەل و مەرجەعیەتەوە، بەو پێیەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت داواکاری هەموو خەڵکی عێراقە."

تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا، ڕۆژی سێشەممە ستایشی پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی کرد بە چەکداماڵینی گرووپەکانی دەرەوەی حکومەت و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە "بناغەیەکی نوێیە بۆ حکومەتێکی نوێی عێراق."

تۆم باراک هەروەها ستایشی ئەو گرووپە چەکدارانەی کرد کە ڕێککەوتوون چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکەن و ڕایگەیاند "متمانەی زەیدی لە جێگەی خۆیەتی" و دەستپێشخەرییەکەی بە "تەنها سەرەتایەک" وەسف کرد.

ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن سەمیرە عەلی مەندی لە واشنتنەوە ئامادە کراوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)