سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ ڕایگەیاند کە بەشداریدەکات لە کۆبونەوەکانی لوتکەی گرووپی حەوت کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا ئەنجام بدرێن.
بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ ئاماژەیە بۆ بەردەوامی ئەمەریکا لەکارکردن لەگەڵ نزیکترین و گەورەترین وڵاتانی پیشەسازی لەبارەی ئەو ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ئابووری جیهان دەبنەوە و ئاسۆکانی گەشەیان سەختکردووە.
کۆبونەوەکانی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە ڕۆژانی 15 بۆ 17ی مانگی شەش لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا بەڕێوەدەچن و پێشبینی دەکرێت بازرگانی جیهانی و شەڕی ئێران و ئاسایشی کەشتیوانی و ژیریی دەستکرد تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانبن.
کۆبوونەوەکان، کە ساڵانە ئەنجام دەدرێن، هەلێکن بۆ سەرکردەکانی گرووپی حەوت لەبەرزترین ئاستدا ئالانگارییەکانی ئابووری و دارایی و ئاسایش تاووتوێ بکەن و هەماهەنگی لەبارەی چارەسەرکردنیانەوە بکەن. ئەمە شەشەمین بەشداریکردنی ترامپ دەبێت لە کۆبونەوەکانی لوتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت.
مانگی رابردوو بەرپرسێک لە کۆشکی سپی بە ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆسی راگەیاند کە کۆبوونەوەکانی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی گرووپی حەوت ئیمزاکردنی هیچ رێکكەوتنامەیەکی لێناکەوێتەوە بەڵکو هەوڵ دەدرێت بۆ بونیادنانی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە رێککەوتن لە داهاتوودا.
لوتکەی ئەمساڵی گرووپی حەوت لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەوروپایی بەهۆی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاسایشی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز و جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا ئاڵۆز بووە.
جگە لە سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپەکە بڕیارە چەندین سەرکردەی تری وڵاتان و بەرێوەبەرانی هەندێ لە گەورەتیرن کۆمپانیا جیهانییەکان وەک میوان ئامادەبن، لەنێویاندا سام ئاڵتمان، سەرۆکی کۆمپانیای ژیریی دەستکردی ئۆپن ئەی ئای، و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی.
لە مانگی پێنج ئاژانسی رۆیتەرز، بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوە، بڵاویکردەوە کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی سوریا، لەلایەن وڵاتی فەرەنسا، کە میوانداری کۆبونەوەکانی لوتکەی سەرکردەی وڵاتانی گرووپی حەوت دەکات، بانگهێشتکراوە و بەشداریدەکات.
هەتا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕووننەبوو کە سەرۆکی ئامەریکا بەشداریبکات لە لوتکەی ئەمساڵی گرووپی حەوت، بەڵام بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێڵ ماکرۆن، ترامپی ڕازیکردووە بەشداری بکات و بڕیارە خوانێکی بەرفراوان لە شاری ڤەرسای، کە بەرزترین ئاستی میواندارییە، بۆ سەرۆک ترامپ سازبکات.
گرووپی حەوت پێکھاتووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وکەنەدا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و بەرتانیا و پێکەوە نزیکەی لە 43٪ تەواوی ئابووری جیهان بەرهەمدێنن. یەکێتی ئەوروپا بەشدارە لە گرووپەکەدا بەڵام ئەندام نییە.
گرووپی حەوت لە ساڵی 1970 دەمەزراوە. سەرەتا لە شەش وڵات پێکهات و دوای ساڵێک کەنەدا بووە ئەندام لە گرووپەکەدا و ناوی نرا گرووپی حەوت. لەساڵی 1988 ڕووسیا بووە ئەندام و گرووپەکە بووە گرووپی هەشت.
لەساڵی 2014، وەک بەشێک لە سزاکان لەبەرامبەر داگیرکردنی هەرێمی کریمیای ئۆکرانیا، ڕووسیا لە گرووپەکە دەرکراو بوویەوە گرووپی حەوت.