بەغدا - INA
دەستەی دەستپاکی ئیتیحادی، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاریی ئەو بڕیارەی دادگای ئاشکرا کرد کە تایبەتە بە سزادانی بەرپرسێکی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە و هاوسەرەکەی، بەهۆی تاوانی زۆربوونی سەرمایە (دەوڵەمەندبوونی نایاسایی) و دەستکەوتی ناڕەواوە.
دەستەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "دادگای کەتنی ناسریە بڕیاری سزادانی ئامادەییی (بە ئامادەبوونی تۆمەتباران) بە زیندانیکردنی توند بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەسەر هەر یەک لە بەرپرسی پێشووی هۆبەی موڵکایەتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی ناسریە و هاوسەرەکەی (کە ئەویش فەرمانبەرە لە شارەوانی) سەپاندووە؛ ئەمەش بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی (۱۹/ سێیەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا، ژمارە (۳۰ی ساڵی ۲۰۱۱)ی هەموارکراو."
ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیاری سزادانەکە دەستبەسەرداگرتنی بڕی (۱,۸۹۱,۰۰۰,۰۰۰) دینار و (۸٥۸,۰۰۰) دۆلاری لەخۆگرتووە کە لە ماڵی سزاداراوەکاندا دەستی بەسەردا گیرابوو، لەگەڵ سەپاندنی پێبژاردنێک (غەرامەیەک) بە بڕی (۳,۷۸۲,۰۰۰,۰۰۰) دینار و (۱,۷۱٦,۰۰۰) دۆلار، کە یەکسانە بە بەهای ئەو دەستکەوتە ناڕەوایەی لە سەرمایەکەیاندا هەبووە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "دادگا بڕیاری زیندانیکردنی توند و غەرامەکەی دوای پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگە بەدەستهاتووانەی ناو دۆسیەکە دەرکردووە، کە بە بەڵگەی بەس و باوەڕپێکراوی زانیون بۆ تاوانبارکردنیان."