بەغداد – INA
سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، جەختی لە گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "سەرۆک کۆمار نزار ئامێدی، پێشوازی لە کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق جۆشوا هاریس کرد، و لە دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕێگاکانی پەرەپێدانی لە بوارە جیاوازەکاندا کرا، لەگەڵ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا".
بەپێی راگهیندراوهكه، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگیی فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری دووقۆڵی کردەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیدا، لەگەڵ پشتگیریکردنی پڕۆژە گەشەپێدان و وەبەرهێنانەکان، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بەدیبهێنێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش کرد کە "عێراق پەرۆشە بۆ بەدەستەوەگرتنی دۆسیەی ئەمنیی وڵات، و کراوەیی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سەرجەم وڵاتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی و ڕێزگرتن لە سەروەرییەکەی و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی"، جەختیشی لەسەر گرنگیی کارکردنی هاوبەش کردەوە لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، و کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان و پشت بەستن بە گفتوگۆ و ئامرازە دیپلۆماسییەکان لە چارەسەرکردنی ناکۆکی و پرسە هەڵپەسێردراوەکاندا، بەشێوەیەک کە ئاسایش و ئاشتیی هەرێمی بەدیبهێنێت.
لەلایەن خۆیەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی عێراق دەربڕی، و پەرۆشیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا، و ستایشی ئەو ڕۆڵەشی کرد کە عێراق دەیگێڕێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی، و هەوڵەکانی لە لێک نزیککردنەوەی ڕوانگەکان و پشتگیریکردنی ڕێڕەوەکانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.