نێودەوڵەتی – INA
پۆلیسی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنی دژی فەرمانبەرانی شارەوانیی بوکای سەر بە پارتی گەلی کۆماری (CHP)ی ئۆپۆزسیۆن دەستپێکرد، وەک بەشێک لەو لێکۆڵینەوەیەی کە داواکاری گشتیی ئیزمیر بەڕێوەی دەبات، کە ٧٠ کەسی گرتەوە و سەرۆکی شارەوانییەکە "گۆرکام دۆمان"یشی لەنێودایە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بەدواداچوونی تەکنیکی و مەیدانییەوە کە لەلایەن تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیزمیرەوە ئەنجامدراون، گومان و ئیدیعای مەترسیدار سەبارەت بەو شارەوانییەی کە دەکەوێتە ئیزمیر لە ڕۆژئاوای تورکیا ئاشکرا بوون. داواکاری گشتی ئاشکرای کردووە کە ڕێکخراوێکی تاوانکاری پێکهێنراوە بەهۆی قۆستنەوەی سەرچاوە و تواناکانی شارەوانییەکە و ئاڵوگۆڕکردنی بەرتیل لە نێوان بەڵێندەران، سەرکردایەتییەکانی شارەوانی و کارمەنداندا.
بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی "زەمان"ی تورکی گواستیەتیەوە، دەرکەوتووە کە لە کاتی پرۆسەکانی ئاوەدانکردنەوە و تەلارسازیدا کاروباری گەندەڵی ڕوویداوە، بەجۆرێک ئیدارەی شارەوانییەکە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی لەم پرۆسانەدا هەبووە، هەروەها کارتەکانی کرێدیت (باڵانسی بانک)ی تایبەت بە کۆمپانیاکانی شارەوانی و هەژمارە بانکییەکان بۆ مەبەستی کەسی بەکارهێنراون، جگە لەمەش مووچە دراوە بەو کەسانەی کە کار ناکەن، کە ئەم شێوازە لە ڕاگەیاندنەکاندا بە "فەرمانبەرانی ئامێری ڕاکێشانی پارە - ATM" دەناسرێت.
لەم نێوەندەشدا، بەپێی ئەوەی لێکۆڵینەوەکان پێی گەیشتوون، هێرش کراوەتە سەر ئەو کەسانەی کە هەواڵ یان تویتیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە شارەوانییەکە بڵاوکردووەتەوە.
هێزەکانی ئاسایش بە شێوەیەکی هاوکات هەڵمەتێکیان لە ٦ شاردا دەستپێکرد کە چەقەکەی ئیزمیر بوو، و لیستی گومان لێکراوانیش بەرپرسانی شارەوانی، فەرمانبەران و خاوەن کۆمپانیاکانی گرتەوە. لە کاتەکانی بەیانیدا، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەرۆکی شارەوانییەکە و پشکنینیان تێدا ئەنجامدا.
سەرچاوە: ئاژانسەکان