بەغدا – واع – ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆ، ئامادەکردنی پلانێکی ئەمنی و خزمەتگوزاریی گشتگیری بۆ پاراستنی ئاسایشی زیارەتی جەژنی غەدیر ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە وردەکارییەکانی پلانەکە کرد و جەختی لەسەر سەربازینەکردنی زیارەتەکە و مامەڵەی مرۆییانەی ڕێکخراو لەگەڵ زیارەتکاراندا کردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە، عەقید محەمەد عەلی حەسوون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆ، حوسێن عەوادی، کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەرفراوانی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و فەرماندەکانی هەردوو پارێزگای کەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف ئەنجام دا".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "پلانێکی ئەمنی و خزمەتگوزاریی گشتگیر بۆ پاراستنی ڕێوڕەسمی زیارەتی جەژنی غەدیر ئامادە کراوە، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان و لایەنە پاڵپشتەکان، بە ئامانجی دابینکردنی بەرزترین ئاستی ئاسایش و هاتوچۆیەکی ڕەوان بۆ زیارەتکاران و هاووڵاتییان لە بەغدا و پارێزگاکان، بەتایبەتی لە شارە پیرۆزەکانی هەردوو پارێزگای کەربەلای پیرۆز و نەجەفی ئەشرەف کە شاهیدی قەرەباڵغییەکی گەورەی زیارەتکاران دەبن".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "پلانە ئەمنییەکە بەهێزکردنی هەوڵە هەواڵگرییەکان، بڵاوکردنەوەی مەفرەزە ئەمنییەکان، چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هاتوچۆ، و پاراستنی جووڵەی ئۆتۆمبێل و مەرکەبەکانی تایبەت بە هاووڵاتییان، سەرەڕای پاراستنی ڕێگا دەرەکی و ناوخۆییەکانی لەخۆ گرتووە، بە تیشکخستنە سەر ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان".
ئاماژەی بەوەش دا کە "وەزارەتی ناوخۆ ڕێنمایی داوە بە سەرجەم پێکهاتەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی، سەرەڕای بەردەوامبوونی ئامادەیی مەیدانی، بە جۆرێک کە سەرکەوتنی ئەم بۆنەیە و زیندووکردنەوەی لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا مسۆگەر بکات".
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەروەها جەخت لەسەر سەربازینەکردنی زیارەتەکە، مامەڵەی مرۆییانەی ڕێکخراو لەگەڵ زیارەتکاراندا، و بەهێزکردنی پاڵپشتی بۆ هەردوو فەرماندەیی پارێزگاکانی نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای پیرۆز کراوەتەوە".