بەغداد - INA
وەزارەتی نەوت، ئەمڕۆ هەینی، ڕایگەیاند: سووتەمەنی پاڵپشتیکراو بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان دابین دەکرێت، هاوکات دووپاتیکردەوە: ماوەی داهاتوو شاهیدی باشتربوون و سەقامگیری دەبێت لە دابینکردنی وزەی کارەبادا.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ساحب بەزوون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "وەزارەتی نەوت پێشنیازێکی بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە خۆی لە پاڵپشتیکردنی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکاندا دەبینێتەوە لە ڕێگەی دابینکردنی سووتەمەنی بۆیان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو"، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دابینکردنی ٤٠ لیتر سووتەمەنی بۆ هەر (کەی ڤی)یەک بۆ هەر مۆلیدەیەک، بە نرخی ٢٠٠ دینار بۆ هەر لیترێک لەبری ٤٠٠ دینار، و بۆ ماوەی سێ مانگ".
باسی لەوەشکرد: "جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بارگرانییەکی دارایی گەورە دەخاتە سەر وەزارەتی نەوت، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەی پەرۆشی حکومەتدایە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و هاوکاریکردنی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، بەهۆی ڕۆڵیان لە پشتگیریکردنی سەقامگیری سیستەمی وزەی کارەبادا".
بەزوون ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەی داهاتوو بەهۆی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی حکومەتەوە، شاهیدی باشتربوون و سەقامگیری دەبێت لە دابینکردنی وزەی کارەبادا"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "ئاڕاستەیەکی ڕوونی حکومەت هەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و کەرتی کارەبا لەگەڵ کەرتە زیندووەکانی دیکەدا، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن".