بەغداد – INA – محەمەد تاڵبی
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری دارایی مەزهەر محەمەد ساڵح، ئەمڕۆ چوارشەممە، تەئکیدیکردەوە: سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە پلانێکی درێژخایەن ئامادە بکات و فەلسەفەی خۆی وەک دابەشکەری مووچە بگۆڕێت، ئاماژەی بەوەشکرد: وەزارەتی دارایی ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە گۆڕینی فەلسەفەی سیستمی ئابووریدا.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ڕاسپاردنی وەزیری دارایی لەلایەن عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانەوە بۆ ئەوەی ببێتە جێگری ئەو لە سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری، لەگەڵ فەلسەفەی دەوڵەتی هاوچەرخ و فەلسەفەی حکومەتی نوێدا دەگونجێت، چونکە وەزارەتی دارایی وەزارەتێکی ئاسایی نییە بەڵکو وەزارەتێکی سیادییە و کار لەسەر پلانداڕشتن و بونیادنانی داهاتووی ئابووری عێراق دەکات و کەشوهەوای هاوبەشی لە نێوان دەوڵەت و کەرتی تایبەتدا دەڕەخسێنێت".
وتیشی: "ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری، نوێنەرایەتی چێشتخانەی سیاسەتە ئابوورییەکان دەکات، تەنانەت سیاسەتی دارایییش ڕۆڵی ئابووری خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی دیکەدا دەگێڕێت، چونکە دەبێت لە چوارچێوەی چێشتخانەی ئەنجومەنی وەزاری بچووککراوەدا کار بکات".
ڕوونیشیکردەوە: "گۆڕانکارییەکی دامەزراوەیی بەرەو فەلسەفەی دەوڵەت لە ئارادایە، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی گەورەترین ڕۆڵ دەبینێت لە گۆڕینی فەلسەفەی سیستمی ئابووری و دروستکردنی هاوبەشی لە نێوان دەوڵەت و بازاڕدا"، ئاماژەی بەوەشکرد: "عێراق شاهیدی گۆڕانکاری گەورە دەبێت، چونکە سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە پلانێکی درێژخایەن ئامادە بکات و وەزارەتی دارایی فەلسەفەی خۆی لە دابەشکەری مووچە و کرێ و خەزنەدارەوە بگۆڕێت بۆ وەزارەتێک بۆ گۆڕینی فەلسەفە و گۆڕینی نەگۆڕەکان و گۆڕاوەکانی دۆخی ئابووری لە ماوەی دیدگای عێراق ٢٠٣٥دا".
باسی لەوەشكرد: "ئەوەی وەزارەتی دارایی پلانی بۆ دادەنێت و هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات، لە ناوەوەی ئەنجومەنی وەزاری ئابوورییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە بەپێی یاسا و لە ئەولەویاتی ئەو بارودۆخە نائاسایییەی عێراق پێیدا تێپەڕدەبێت، ببووە ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخەکە، ئێمەش هەوڵدەدەین لە ئامرازێکی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە سەختەکانەوە بیگۆڕین بۆ داڕشتنی سیاسەتەکان و جێبەجێکاری سیاسەتەکان بۆ گۆڕینی پێکهاتەی ئابووری عێراق".
لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "جێبەجێکردنەکە گەورەیە و لە دیوانی چاودێری داراییەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە وەزارەتە بنەڕەتییەکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و هەروەها چاودێریکردنی بازاڕە دارایییەکان"، تەئکیدیشیکردەوە: کە "هاووڵاتی ئامانجی سەرەکییە لە گەشەپێدانی بەردەوام و گەشەسەندنی ژیانی بژێوی و بەختەوەری مرۆڤی عێراقی".
باسی لەوەشکرد: "بانکی ناوەندی عێراق بەهرەمەندە لە سەربەخۆیی و لە کارەکانیدا فەرمان لە حکومەت وەرناگرێت، بەڵام لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری کە وەزیری دارایی سەرۆکایەتی دەکات هەماهەنگی دەکات"، وتیشی: "ئەنجومەنێک بۆ سەقامگیری ئابووری و نەقدی و دارایی هەیە کە بابەتە ئابوورییەکانی تێدا دەخرێتەڕوو، سەرجەم وەزارەتە ئابوورییەکانیش ئەندامن لەم ئەنجومەنەدا".