بەدواداچوون – INA
مانگی ئایاری ٢٠٢٦، دیاردەیەکی گەردونی دەگمەنی تۆماردەكات، بەوپێیەی دوو مانگی پڕ (مانگی چواردە) لە یەک مانگدا لەخۆدەگرێت؛ یەکەمیان لە ١ی ئایاردا بوو، دووەمیشیان لە ٣١ی ئایاردا ڕوودەدات.
لە کولتووری باودا بەم مانگی چواردەی دووەمە دەوترێت "مانگی شین" (Blue Moon)، هەرچەندە ئەم دەستەواژەیە بە هیچ شێوەیەک وەسفی ڕەنگەکەی ناکات، بەڵکو ئاماژەیە بۆ دیاردەیەکی پەیوەندیدار بە ڕۆژژمێرەوە.
دیاردەی گەردوونی مانگی شین بە تێکڕا هەر دوو بۆ سێ ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. خولی مانگ نزیکەی ٢٩.٥ ڕۆژ دەخایەنێت، لە کاتێکدا درێژی مانگی زاینی ٣٠ یان ٣١ ڕۆژە (جگە لە شوبات)، ئەم جیاوازییە بچووکەش ساڵ بە ساڵ بە شێوەیەکی پلەبەندی کۆدەبێتەوە و لە کۆتاییدا چەند ڕۆژێکی زیادەمان بۆ دەهێڵێتەوە، ئەمەش ئەوەیە کە هەندێک جار دەبێتە هۆی پڕبوونی مانگ بۆ دوو جار لە یەک مانگدا.
کاتێک ئەمە ڕوودەدات، بە مانگی پڕی دووەم دەوترێت "شین"، کە مانگێکی چواردەی بچووک دەبێت و بە (Micromoon) دەناسرێت، ئەمەش بەهۆی دوورییەکەی لە زەوییەوە.
لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا، مانگ بە ڕەنگێکی شینی ڕاستەقینە دەردەکەوێت، ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڕووناکییەکە بەهۆی ئەو دووکەڵ یان خۆڵەمێشەی لە بەرگەهەوادا هەیە کە لە گڕکانە گەورەکان یان ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
باشترین سات بۆ بینینی ئەم مانگە، کاتی پڕبوونی فەرمی خۆی نییە لە بەرەبەیانی ٣١ی ئایاردا، بەڵکو ئێوارەی ٣٠ی ئایارە لە کاتی هەڵهاتنی مانگدا. لەو ساتەدا، مانگ گەورەتر و بە ڕەنگێکی پرتەقاڵی دەردەکەوێت بەهۆی تێپەڕبوونی ڕووناکییەکەی بە ناو چینە ئەستوورەکانی بەرگەهەوای زەویدا، بۆیە ئامۆژگاری دەکرێت کە بەدوای ئاسۆیەکی کراوەی باشووری ڕۆژهەڵاتدا بگەڕێن و ئارام بگرن بۆ بینینی کاتێک کە بەرەو سەرەوە سەردەکەوێت لەگەڵ دەرکەوتنی ئەستێرەی "ئەنتاریس" کە گەشاوەترین ئەستێرەی کۆمەڵە ئەستێرەی دووپشکە و ڕێک لە ژێریدا دەبێت.