بەغداد - INA
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپیی عێراق عیماد محەمەد، دووپاتیکردەوە: هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بە یەکێک لەو هەڵبژاردانە دادەنرێت کە زۆرترین کاریگەریی بەهۆی هاوکاتبوونی ماوەکانی کۆبوونەوەی یاریزانان لەگەڵ یارییەکانی خول و پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشکرد: قۆناغی داهاتوو جەنجاڵییەک لە پابەندبوونی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان بەخۆیەوە دەبینێت.
عیماد محەمەد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "بڕوا ناکەم لە ماوەی داهاتوودا پاڵەوانێتیی جام بەڕێوەبچێت، بەتایبەت کە یەکێتیی نێودەوڵەتی ڕێگری دەکات لە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەکان هاوکات لەگەڵ قۆناغە کۆتاییەکانی جامی جیهانی".
وتیشی: "ماوەی داهاتوو کۆبوونەوەی هەڵبژاردەی لاوان و هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگییەکی باڵا هەیە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بۆ گەرەنتییکردنی بەڕێوەچوونی بەرنامەکانی ئامادەکاری بە شێوازێکی گونجاو".
ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ڕوونکردنەوەی دا: کە "ئامادەکاری بۆ وەرزی داهاتوو لە پێشینەی کارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و یانەکاندایە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی وەرزی ئێستا"، جەختیشی لە گرنگی پێدانی کاتی پێویست بە یانەکان کردەوە بۆ ئامادەکردنی تیپەکانیان بە باشترین شێوە.
محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد: "بڕیارەکانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، وا دەخوازن کە وەرزی داهاتوو لە کاتێکی زوودا دەستپێبکات، هاوشێوەی چەند خولێکی ئەوروپی وەک خولی ئیسپانی و خولی ئیتاڵی کە لە مانگی ئابدا دەستپێدەکەن"، دووپاتیشیکردەوە کە پێویستە یاریزانان ماوەی حەوانەوەی گونجاو وەربگرن، لەگەڵ دەستپێکردنی زووی ئامادەکارییە هەمەجۆرە هونەری و جەستەییەکان بۆ پێشوازییکردن لە وەرزی نوێ.