هەمەڕەنگ – INA
زانایانی زانکۆی ئێکسیتەری بەریتانی ڕایانگەیاندووە کە خواردنەوەی دوو پەرداخ لە شەربەتی چەوەندەر یارمەتی بەساڵاچووان دەدات پلەی پەستانی خوێنیان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێنن.
زانایانی زانکۆکە توێژینەوەیەکی زانستییان ئەنجامدا کە تێیدا ٧٥ خۆبەخش بەشداربوون - ٣٩ گەنجی خوار تەمەن سی ساڵ و ٣٦ بەساڵاچووی تەمەن ٦٠-٧٠ ساڵ، کە بە هاوکاری ناوەندی توێژینەوە کلینیکییەکانی سەر بە پەیمانگای نیشتمانی بۆ توێژینەوە تەندروستییەکان لە ئێکسیتەر هەڵبژێردرابوون، و پەیوەندییەکیان لە نێوان تەندروستی دەم و ئاستی پەستانی خوێندا لە لای بەساڵاچووان دۆزییەوە، چونکە دەرکەوت کە شەربەتی چەوەندەر کاردەکات بۆ جێگیرکردنی ئاستی پەستانی خوێن.
بەپێی وتەی توێژەران، لەگەڵ چوونە تەمەنەوە بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نایتریک لە لەشدا کەمدەبێتەوە، کە کاردەکات بۆ حەواندنەوەی بۆرییەکانی خوێن و پاراستنی ئاستی ئاسایی پەستانی خوێن.
وەک ئاشکرایە نایترات لە زۆرێک لە سەوزەواتەکاندا هەیە، وەک چەوەندەر، سپێناخ، جەرجیر، ڕازیانە، کەرەوز و کەلەرم، و کاتێک هاوسەنگی بەکتریای دەم تێکدەچێت، بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نایتریک لە خۆراکەوە کاریگەر دەبێت، و توێژەران دۆزیویانەتەوە کە شەربەتی چەوەندەر مایکڕۆبیۆمی دەم لای بەساڵاچووان بە شێوازێک دەگۆڕێت کە پاڵپشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات.
ئەم توێژینەوەیە دوو قۆناغی لەخۆگرتبوو، کە هەر یەکێکیان بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو و ماوەی دوو هەفتە پشووش لە نێوانیاندا هەبوو. بەشداربووان لە قۆناغی یەکەمدا، شەربەتی چەوەندەری دەوڵەمەند بە نایتراتیان دەخواردەوە، و لە قۆناغی دووەمدا، دەرمانێکی وەهمییان (پلاسيبۆ) وەردەگرت. توێژەران تەکنەلۆجیای ڕیزبەندکردنی جینەکانی بەکتریایان بەکارهێنا بۆ توێژینەوە لە گۆڕانکارییەکانی ناو بۆشایی دەم. دەرکەوت کە ئاستی بەکتریای Prevotella کەمبووەتەوە لای ئەو بەساڵاچووانەی شەربەتی چەوەندەریان خواردووەتەوە، لە کاتێکدا ئاستی بەکتریای بەسوودی Neisseria بەرزبووەتەوە، هەروەها تێکڕای پەستانی خوێنی خوێنبەرەکانیان دابەزیوە، بەڵام کاریگەرییەکی هاوشێوە لای گەنجان بەدی نەکرا، سەرەڕای ڕوودانی گۆڕانکاری لە مایکڕۆبیۆمەکەیاندا.
پڕۆفیسۆر ئانی ڤانماتالۆ لە زانکۆکەوە وتی: "ئێمە دەزانین کە سیستمی خۆراکی دەوڵەمەند بە نایترات بۆ تەندروستی بەسوودە، و بەساڵاچووان لەگەڵ چوونە تەمەنیاندا بڕێکی کەمتر لە ئۆکسیدی نایتریک بەرهەم دەهێنن، و مەیلیان بەرەو بەرزبوونەوەی ئاستی پەستانی خوێن هەیە، بۆیە هاندانیان بۆ خواردنی سەوزەواتی دەوڵەمەند بە نایترات دەکرێت سوودی درێژخایەنی هەبێت. ئەگەر کەسێک چەوەندەری خۆش ناوێت، دەتوانێت سپێناخ، جەرجیر، ڕازیانە، کەرەوز و کەلەرم بخوات".
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە شەربەتی چەوەندەر جێگرەوەی دەرمان یان ڕێگاکانی تری سەلمێنراوی کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن نییە، بەڵام دەکرێت زیادکردنێکی بەسوود بێت بۆ شێوازی ژیانی تەندروست، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، و توێژینەوەکانی داهاتوو یارمەتیدەر دەبن لە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن شێوازی ژیان، ڕەگەز، تەمەن، پاکوخاوێنی دەم و پێکهاتەی سەرەتایی مایکڕۆبیۆم کاریگەری لەسەر ئەم سوودە دەبێت.
سەرچاوە: ئاژانسەکان