دەزگای ئاسایشی کۆشکی سپی(سیکرێت سرویس) ڕایدەگەیەنێت ئەو چەکدارەی ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە نزیک کۆشکی سپی تەقەی لە پۆلیسەکانی کۆشکی سپی کردووە، بە تەقەی ئەو هێزانە کۆژراوە.
دەزگای ئاسایشی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە "لەدوای کاتژمێر 6ی ئێوارە، پیاوێک لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی پۆلیسی کۆشکی سپی نزیک بووەتەوە لە نزیک شەقامەکانی 17 و شەقامی پێنسیلڤانیا. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی، پیاوەکە لەکاتی نزیکبوونەوەی لە پۆلیسەکان چەکێکی لە جانتاکەی دەرهێناوە و تەقەی لە پۆلسیەکان کردووە."
بەیاننامەکە دەشڵێت ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی کۆشکی سپی تەقەیان لە چەکدارەکە کردەوە و دوای ئەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
هەروەها لەو تەقەکردنەدا، ڕێبوارێکیش بریندار بووە. بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە هێشتا دیار نییە ئەو کەسە لەلایەن چەکدارەکەوە تەقەی لێکراوە یان لە کاتی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئەفسەرەکان و چەکدارەکەدا تەقەی لێکراوە.
دەزگای ئاسایشی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە هیچ پۆلیسێک لە شوێنی ڕووداوەکە بریندار نەبووە. هەروەها دۆناڵد ترامپ لە کاتی ڕووداوەکەدا لە کۆشکی سپی بووە، بەڵام زیانی بەرنەکەوتووە و بریندار نەبووە.
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی تەقەکردنەکە هێشتا بەردەوامە.