🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

کوردستان ڕێکاری خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" دەگرێتەبەر

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/13 18:44

بەغداد - INA

وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، گرتنەبەری چەند ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی "هانتا" ڕاگەیاند، کە لە نێویاندا دەسپێکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ قڕکردنی قرتێنەرەکان هەیە.

ڕابەر محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "لیژنەی زانستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەمان، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی هانتا ئەنجامدا."

ڕوونیشیکردەوە: "ئەم نەخۆشییە لە نێوان ساڵانی 1950 بۆ 1953 لە ئاستی جیهان بڵاوبووەتەوە، و لە ساڵی 1978 لە کۆریای باشوور بە فەرمی ناسێنراوە،" ئاماژەی بەوەشکرد:"تا ئێستا هیچ ڤاکسینێکی بۆ نییە."

باسی لەوەشکرد: "ڤایرۆسی هانتا لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە، وەک جرج و مشک دەگوازرێتەوە."

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: کە "بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە پێناو پاراستنی تەندروستی گشتیدا هاتووە، و وەزارەت لە کۆبوونەوەی لیژنەی زانستیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانەی خوارەوە کردووەتەوە: دەسپێکردنی هەڵمەتێک بۆ لەناوبردنی جرج و مشک لە هەموو فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان و ئەو شوێنانەی ئەو قرتێنەرانەی تێدا نیشتەجێن؛ پێویستی بەکارهێنانی ماددە قڕکەرەکانی قرتێنەر لە کارگەکانی ئالیک، پڕۆژەکانی پەلەوەر، سەربڕخانەکان، کارگەکانی شیرەمەنی و گۆشت، و دوکانی قەسابەکان؛ قەدەغەکردنی هێنانی 'هامستەری ماڵی' (جۆرێکە لە قرتێنەرەکان) لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە؛ و ئاگادارکردنەوەی خاوەن کۆگاکانی خۆراکی سەگ و پشیلە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ لەناوبردنی قرتێنەرەکان لە ناو کۆگاکانیاندا."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە نیشانە سەرەکییەکانی ڤایرۆسەکە کراوە کە بریتین لە: "بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ماندوێتییەکی زۆر، سەرئێشە، ئازاری ماسولکە و سک، سکچوون، کۆکە و تەنگەنەفەسی لە حاڵەتە سەختەکاندا، هەروەها ڕێژەی مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە نێوان 20% بۆ 50%ـدایە."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)