بەغدا - INA - ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی ژینگە پەسەندكردنی ڕێسای نوێی بۆ پیسكەرەكان و ڕژانی شلە لە ڕووبار و ئاوەڕۆكاندا پشتڕاستكردەوە و ڕێسای توندتری دیكەی بۆ بەڕێوەبردنی ماددە كیمیاییەكان و ئاژەڵە مەترسیدارەكان ئاشكرا كرد.
وتەبێژی وەزارەتی ژینگە لوئەی موختار بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : ژمارەیەكی زۆر یاسای پەیوەست بە جۆراوجۆری زیندوو و بیابانبوون و پرسەكانی تری ژینگەیی هەیە، ڕوونیشیكردەوە كە وەزارەتی ژینگە هێشتا لە پرۆسەی ئامادەكردن و پێداچوونەوەدایە بۆ یاسای نوێ.
ئاماژەی بەوەشكرد : نوێترین ڕێسای وەزارەت بریتییە لە سیستەمی پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو، كە تایبەتمەندییەكانی بۆ ڕووبار و ئاوەكان نوێدەكاتەوە، ئاستی ڕێگەپێدراوی پیسكەرەكان دیاریدەكات، تێپەڕاندنی ئەوەی كە پیسبوونی ڕاستەقینەی ئەو ئاوانە پێكدەهێنێت، هەروەها چڕیی ڕێگەپێدراو بۆ ڕژانی شلە بۆ ناو ڕووبارەكان و ئاوەڕۆكان و سەرچاوە ئاوییەكانی دیكە دیاری دەكات.
جەختی لەوە كردەوە كە زۆر یاسا و ڕێسا و میكانیزم هەیە كە كەرتە جیاوازەكان لە چەندین ئاستدا بەڕێوەدەبەن، لەوانە ئەوانەی پەیوەندییان بە خاك و هەوا و ئاوەوە هەیە.
ڕوونیشی كردەوە : كە مەرج و ڕێنمایی و ڕێسای جیاواز هەیە كە بەڕێوەبردنی ماددە كیمیاییەكان بەڕێوەدەبەن، لەوانە هاوردەكردن و گواستنەوەی ماددە كیمیاییەكان، هەروەها گواستنەوەی ماددە مەترسیدارەكان و بابەتی گرنگی دیكە، هەروەها ئاماژەی بە بوونی ڕێساكانی تایبەت بە ئاژەڵە مەترسیدارەكان، و ڕێكخستنی بازرگانی و سووڕانەوەیان لە بازاڕەكاندا كرد. ئەمەش نەك تەنها ئاژەڵەكان بەڵكو تەواوی جۆراوجۆری زیندوو دەگرێتەوە، چ ڕووەك و چ ئاژەڵ، لەگەڵ میكانیزم و مەرجەكانی دامەزراو بۆ مامەڵەكردنیان بە سەلامەتی و دروست.
ووتیشی : لە چوارچێوەی یاسای پاراستن و باشتركردنی ژینگەدا سزای جۆراوجۆر هەیە، لەوانە هۆشداریدان، غەرامەكردن، و داخستنی كاتی كارەكە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ، كە نوێدەكرێتەوە، جگە لە سزاكان كە ڕەنگە زیندانیكردن لەخۆبگرێت.