🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری تەندروستی بەردی بناغەی نەخۆشخانەی گشتیی ڕومەیسە بە توانای ٢٠٠ قەرەوێڵە دادەنێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/06 14:32

بەغداد – INA

وەزیری تەندروستی ساڵح مەهدی حەسناوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەردی بناغەی بۆ نەخۆشخانەی گشتیی ڕومەیسە بە توانای ٢٠٠ قەرەوێڵە دانا.

وەزارەت لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "وەزیری تەندروستی ساڵح مەهدی حەسناوی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەردی بناغەی بۆ پڕۆژەی نەخۆشخانەی گشتیی ڕومەیسە لە پارێزگای موسەنا دانا، بە ئامادەبوونی پارێزگاری موسەنا موهەند عەتتابی، و بریکاری کارگێڕیی وەزارەت خەمیس سەعد، و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پڕۆژەکان و خزمەتگوزارییە ئەندازیارییەکان، حوسام عەلوان، و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستی موسەنا، مازن ماجد عوکیلی، و قایمقامی قەزای ڕومەیسە، جاسم حەسانی، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و کادیری پێشکەوتووی فەرمانگەکە و نوێنەرانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە."

بەپێی بەیاننامەکە حەسناوی جەختیکردەوە کە: "ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی وەزارەتی تەندروستی کە ئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی کەرتی تەندروستییە، بە توانایەکی دیزاینکراو کە ٢٠٠ قەرەوێڵەیە، لە کاتێکدا توانای ڕاستەقینەی دەگاتە نزیکەی ٢٤٦ قەرەوێڵە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی پارێزگاکە و فراوانکردنی توانای وەرگرتنی دامەزراوە تەندروستییەکان."

ئەوەشی ڕوونکردەوە: "پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەندازیاری (AKG)ی ئیماراتییەوە جێبەجێ دەکرێت، لەسەر ڕووبەرێکی ٩٠ هەزار مەتر دووجا و ڕووبەری بیناسازییەکەی دەگاتە ٤٣ هەزار مەتر دووجا،" ئاماژەی بەوەشکرد: "نەخۆشخانەکە لە بینایەکی سەرەکی پێکهاتووە کە حەوت نهۆمە و هەموو پسپۆڕییە پزیشکییەکان لەخۆ دەگرێت، لەوانە فریاکەوتن، نەشتەرگەری، چاودێریی ورد، تاقیگەکان، تیشک و بەشەکانی خەواندنی نەخۆش."

بەردەوام بوو و وتی: "پڕۆژەکە بەشە پسپۆڕییە پێشکەوتووەکان لەخۆ دەگرێت وەک یەکەکانی چاودێریی ورد (ICU)، چاودێریی دڵ (CCU)، منداڵبوون، شوشتنی گورچیلە، دابڕین (عەزل) و بوژانەوە، لەگەڵ سیستەمێکی خزمەتگوزاریی پاڵپشتی گشتگیر کە وێستگەی ئۆکسجین، سیستەمی گازە پزیشکییەکان و چارەسەرکردنی پاشماوە پزیشکییەکان لەخۆ دەگرێت."

رونیشیكردەوە: "پڕۆژەکە شوێنی نیشتەجێبوونی پزیشکان، شوێنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر، تونێلی خزمەتگوزارییەکان، جگە لە سیستەمێکی ئەمنیی تۆکمە، ڕووبەری سەوزایی و گەراجی ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت، بە شێوەیەک کە هاوتای نوێترین پێوەرە جیهانییەکان بێت لە دیزاین و دروستکردنی دامەزراوە تەندروستییەکاندا و کوالێتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەشکراوەکان بە هاووڵاتییان بەهێزتر بکات."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)