بەغدا ـ INA ـ ئامنە سەلامی
وەزارەتی ژینگە، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە هیچ بەڵگە یان سەلماندنێکی زانستی نییە ئاماژە بە پەیوەندی نێوان تیشکە کارۆموگناتیسییەکانی تاوەرەکانی پەیوەندی و نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بکات، هاوکات ڕاستی کاریگەرییەکانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ ئاشکرا کرد.
لوئەی موختار، وتەبێژی وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "تاوەرەکانی پەیوەندی و پەخشی ڕادیۆیی دەکەونە چوارچێوەی سیستەمی تیشکە کارۆموگناتیسییەکان کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە دەردەچن."
ڕوونیشیکردەوە کە "ناکرێت تاوەرەکانی پەیوەندی و پەخشی ڕادیۆیی لە کۆی تیشکە کارۆموگناتیسییەکان جیابکرێنەوە، کە تیشکی ڕووناکی و تیشکی سەروو بنەوشەیی، هەروەها شەپۆلەکانی پەخشی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی و شەپۆلە ڕادیۆییەکان و ئەوانی تریش دەگرێتەوە،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم شەپۆلانە بە تیشکی نائایۆنی (non-ionizing) دادەنرێن، واتە لە کاتی تێپەڕبوونیان بەناو گەردیلە جیاوازەکاندا جووتە ئایۆن ئازاد ناکەن."
وتیشی: "هیچ بەڵگە یان توێژینەوەیەکی زانستی نییە کە کاریگەرییە نەرێنی یان ئەرێنییەکانی ئەم تیشکانە بسەلمێنێت، چ لەسەر کەشوهەوا، ئاووهەوا، جۆراوجۆری بایۆلۆژی، ئاو، جۆری هەوا یان خاک."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "کاریگەرییە تەندروستییەکان پشت بەوە دەبەستن کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەی شێرپەنجە دەری دەکەن،" تێبینی ئەوەشی دا کە "بەڵگەی تەواو نییە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە تیشکە کارۆموگناتیسییەکانی مۆبایل، ئامێرەکانی ناردن یان تاوەرەکان ببنە هۆی شێرپەنجە لە مرۆڤ یان ئاژەڵدا."
ئەوەشی خستەڕوو کە "زیانە تەندروستییەکانی تر پەیوەستن بە بڕی ژەمەکان (جرعة) و ماوەی بەرکەوتن، ڕەنگە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، سەرئێشە و هەندێک کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار بگرێتەوە، و ڕەنگە ببێتە هۆی هەندێک باری دەماری دیاریکراو،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم کاریگەرییانە بەندین بە ئاستی بەرکەوتن بەم تیشکانە."
لە کۆتاییدا وتی: "وەزارەتی ژینگە پشت بە ڕێنماییەکان دەبەستێت بۆ ڕێکخستنی کاری تاوەرەکانی پەیوەندی، لە ڕێگەی دیاریکردنی مەودای دووری لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان و دانانی سەقفێکی دیاریکراو بۆ ئاستەکانی پەخش و فرێکوێنسییەکانیان، کە لەژێر پێوانەی ورددایە،" جەختیشی کردەوە کە "پابەندبوون بەم ڕێنماییانە سەلامەتی هەمووان مسۆگەر دەکات."