وەرزش – INA
یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا (کاف) لە کاتی تاوتوێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەفریقا، کە یانە گەورەکانی کیشوەرەکە چاوەڕێیان دەکرد، تووشی ئاستەنگی ڕێکخستن بووەوە و ئەمەش ڕێگر بوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
لەم دواییانەدا دەنگۆیەکی بەهێز هەبوو سەبارەت بە ئەگەری زیادکردنی پشکی هەندێک لە فیدراسیۆنەکان بۆ چوار یانە لەبری دوو یانە؛ ئەم سیناریۆیە بۆ نموونە دەرفەتی بە یانە دێرینەکەی وەک "ئەهلی" دەدا بەشداری بکات تەنانەت ئەگەر خولی میسری لە پلەی سێیەمیشدا کۆتایی پێ بهێنایە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "le360"ی مەغریبی، "کاف" بڕیاریداوە بڕیاردان لەسەر پێشنیازی زیادکردنی ژمارەی یانە بەشداربووەکان لە خولی پاڵەوانەکان بۆ ئەو فیدراسیۆنانەی خاوەن بەرزترین ڕیزبەندیین، دوابخات.
ئەم بڕیارەش بەهۆی ئاستەنگی ڕێکخستنەوەیە کە ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی بۆ وەرزی داهاتوو. ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کێشەکە پەیوەندی بە ڕەتکردنەوەی بیرۆکەکە نییە لە بنەڕەتدا، بەڵکو پەیوەندی بە زەحمەتی جێبەجێکردنیەوە هەیە لەسەر ئەرزی واقیع.
ئەوەش خراوەتە ڕوو کە زیادکردنی ژمارەی تیپەکان بە ناچاری دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی یارییەکان، بەتایبەت لە قۆناغە بەراییەکاندا، ئەمەش پێویستی بە کاتێکی زیادە هەیە کە لە خشتەی ئێستای یارییەکاندا بەردەست نییە.
دیمەنەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت بەهۆی هاوکاتبوونی دەستپێکی وەرزی نوێ لەگەڵ پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا (کە بڕیارە لە ئۆگاندا، تەنزانیا و کینیا بەڕێوەبچێت)، جگە لە ئەنجامدانی یارییە کۆتاییەکان لە کۆتایی وەرزدا، ئەمەش وادەکات زیادکردنی یاری نوێ لە ڕووی ڕێکخستنەوە مەحاڵ بێت.
پێشنیازەکە ئامانجی ئەوە بوو کە دەرفەت بە فیدراسیۆنە گەورەکان بدرێت سێ بۆ چوار یانە لە خولی پاڵەوانەکان بەشداری پێ بکەن، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕکابەری و بەهای بازاڕکردنی پاڵەوانێتییەکە، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ یانە جەماوەرییە گەورەکان.
لیستی ئەو وڵاتانەی کە سوودمەند دەبوون بریتین لە: میسر، مەغریب، جەزائیر، تونس، باشووری ئەفریقا و نێجیریا، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکە کە لە ئێستادا خاوەنی دوو کورسین لە خولی پاڵەوانەکان و دوو کورسی لە جامی کۆنفیدراسیۆن.
سەرچاوە: میدیاکان