بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ هەینی،وەزارەتی دادی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە داوایەکی یاسایی پێشکەش کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە خاوەندارێتییەکەی بۆ "مەنسوور بارزانی دەگەڕێتەوە، کە بەهۆی بەکارهێنانی پارەی بەشێوەیەکی فێڵبازانە کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکای بەکارهێناوە .
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) پشتڕاستیکردۆتەوە،تیایدا ڕایگەیاندوە : وەزارەتی دادی ئەمریکا سکاڵایەکی مەدەنی بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک پێشکەش بە دادگای ناوچەی ناوەڕاستی ویلایەتی کالیفۆرنیا کردووە، تێیدا داوای دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێک دەکات کە دەکەوێتە ناوچەی بێڤەرلی هیڵز لە ویلایەتی کالیفۆرنیا. وەزارەتەکە دەڵێت : ئێمە پێمانوایە ئەم کۆشکە بە بڕی نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار لەو پارانە کڕدراوە و نۆژەن کراوەتەوە کە لە ڕێگەی پلانێکی فێڵبازانەوە بەدەست هاتووە کە ئاژانسی لۆجیستیی بەرگری (DLA)ی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکای کردووەتە ئامانج، جگە لە پێدانی بەرتیلی بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانی عێراق و پێشێلکردنی یاساکانی سپیکردنەوەی پارەی ئەمریکی.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بەپێی ئەوەی لە سکاڵاکەدا هاتووە، لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020، بەڵێندەرێکی بواری بەرگری کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە لەگەڵ کەسانی تردا تێوەگلاون لە پلانێکی گەندەڵیی بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار لە ئاژانسی لۆجیستیی بەرگری لە بەرامبەر دابینکردنی سووتەمەنی بۆ سوپای ئەمریکا لە کاتی پرۆسەی 'عەزمی پۆڵاین' (ئەو هەڵمەتە نێودەوڵەتییەی ئەمریکا دژی ڕێکخراوی داعش ئەنجامی دا).
ئاماژە بەوەشکراوە : فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستان، خاڵێکی گرنگ بووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی سوپای ئەمریکا لە عێراق و سووریا، کە تێیدا هێزەکانی پێشمەرگەی کورد ئاسایشی ناوخۆییان دابین دەکرد و کۆنترۆڵی چوونەژوورەوەیان بۆ ناو دامەزراوەکە دەکرد.
لە سکاڵاکەدا هاتووە :بەرپرسانی کۆمپانیا بەڵێندەرەکە ڕازی بوون بە پێدانی بەرتیل بە جەنەڕاڵ مەنسوور بارزانی، کە بەرپرسێکی باڵایە لە هێزەکانی پێشمەرگە، بە بڕی 0.25 دۆلار بۆ هەر لیترێک لە بەرامبەر پێدانی مافی تایبەت بەوان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە لە کوردستان بۆ سوپای ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان،لە بەرامبەردا سەدان ملیۆن دۆلاریان لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی ئاژانسی لۆجیستیی بەرگری بەدەست هێناوە.
هەروەها ڕوونکراوەتەوە : کە لەو ماوەیەدا، ڕێگری لە ڕکابەرەکانی کۆمپانیاکە کراوە بچنە ناو فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە، هەروەها ئاژانسەکە گرێبەستی یەکجارەکی بۆ کۆمپانیاکە دەرکردووە بە نرخگەلێکی نادادپەروەرانە و زۆر زیادکراو.
بەپێی سکاڵای دەستبەسەرداگرتنەکە: ئەو پارانەی کە بەڵێندەرەکە لە ئاژانسی لۆجیستیی بەرگری بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی ئەم پلانەدا، گواستراوەتەوە بۆ سندوقێکی متمانە (Trust) کە بە ناوی “NYJD Trust No.1” ناسراوە و لە ویلایەتی ڤێرجینیا بە تایبەت بۆ بەرژەوەندی بارزانی دامەزرێنراوە، ولە ساڵی 2018دا، نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار لەو سندوقە گواستراوەتەوە بۆ کڕینی کۆشکی بێڤەرلی هیڵز، جگە لە دابینکردنی تێچووی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و چاککردنی لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2022.
ئاماژە بەوەشکراوە : لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) - نووسینگەی مەیدانی واشنتۆن، و خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی سەر بە وەزارەتی بەرگری، و فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی لە دەستەی باجی ئەمریکا ئەنجام دراوە.
بەیاننامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە جێگری سەرۆکی بەشەکە "مایکل بی ڕیدمان" و پارێزەری باڵا "ستیڤن بارکەر" لە بەشی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتن (MNF) لە فەرمانگەی تاوانکاری بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن، هەروەها نووسینگەی داواکاری گشتی ئەمریکا بۆ ناوچەی ناوەڕاستی کالیفۆرنیا و نووسینگەی کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی داد پشتگیرییەکی زۆریان پێشکەش کردووە.
ئەرکی بەشی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دەستبەسەرداگرتن بریتییە لە بێبەشکردنی تاوان لە داهاتەکانی، و لەناوبردنی کارتەکانی ماددەی هۆشبەر، و پاراستنی سیستەمی دارایی ئەمریکا، کە ئەم بەشە کار دەکات بۆ ڕاوەدوونانی دۆسیە تاوانکارییەکان و گەڕاندنەوەی پارە بە شێوەی مەدەنی، لەوانەش ناوەندە داراییەکان کە پارە بۆ تاوانباران سپی دەکەنەوە.
لە کۆتاییدا هاتووە کە یەکەی نێودەوڵەتی سەر بە بەشی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارەی سنووربەزێن، بەرپرسیارێتی ڕاوەدوونانی یاسایی دەگرێتە ئەستۆ، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان،و کارتلەکان، و گەندەڵی بەرپرسانی بیانییەوە هەیە، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی دەستبەسەرداگرتنی مەدەنی بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی ئەم تاوانانە.