بەسرە - INA - محەمەد ناسر
وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند: یاسا بڕیاری لەسەر جێگیرکردنی گرێبەستەکانی پۆلیس داوە دوای ٣ ساڵ لە خزمەت، هاوکات پارێزگاری بەسرە ئەسعەد عیدانی، دابەزینی ئاستی تاوان و ڕووداوە جنائییەکانی لە عێراقدا پشتڕاستکردەوە.
وەزیری ناوخۆ لە وتارێکدا لە کاتی کۆنگرەیەکدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، وتی: "سەردانەکەمان بۆ پارێزگای بەسرە بریتی بوو لە سەردانی فەرماندەیی سنووری ناوچەی چوار، و گوێبیستی خستنەڕووی فەرماندەی سنووری ناوچەی چوار و ئەو پێشکەوتنە بووین کە لە پڕۆسەکانی کۆنترۆڵکردنی سنووردا هەیە، بەتایبەت کە فەرماندەییەکە سنووری لەگەڵ دوو دەوڵەتی دراوسێ (کوەیت و ئێران) هەیە و هەروەها کەرتی شەتلعەرەبیشی بەدەستەوەیە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "پاڵپشتییەک لەلایەن پارێزگای بەسرەوە هەیە بۆ فەرماندەیی سنووری ناوچەی چوار، لە ڕێگەی دابینکردنی ژمارەیەکی زۆر بەلەمی خێرا لە شەتلعەرەب و کۆنترۆڵی دەریایی هاوبەش، جگە لە پاڵپشتیکردنی فەرماندەیی پۆلیسی ناوخۆیی لە ڕێگەی ژێرخانەوە."
رونیشیكردەوە: "سەردانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەمان کرد لە پارێزگای بەسرە و باسی هاوکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەشمان کرد، هەروەها سەردانێکیشمان دەبێت بۆ کۆلێژی پۆلیس و فەرماندەیی پۆلیسی بەسرە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "سەردانەکە کەرتی کردنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی بەسرەشی لەخۆگرتبوو."
باسی لەوەشکرد: "وەزارەت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا سوور بووە لەسەر پێداچوونەوە بە خوێنی گەنج لەناو وەزارەتەکەدا، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٣دا گرێبەستمان لەگەڵ ٣٧ هەزار و ١٠٠ کەس لە پۆلیسی گرێبەست ئەنجامدا، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ژمارەیەک لە چاودێری کۆمەڵایەتییەوە گواسترانەوە، و لەمساڵیشدا گرێبەستمان لەگەڵ بەشێکی گەورە کردووە کە لە ٢٠ هەزار کەس تێدەپەڕێت."
دووپاتیکردەوە: "ئەو کارمەندانەی لە گرێبەستە نوێیەکانی پۆلیسن ژیانیان بۆ هەموو جومگەکانی وەزارەتی ناوخۆ گەڕاندەوە و ڕۆڵیان هەبووە لە سەقامگیری ئەمنیی لە بەغداد و پارێزگاکاندا"، جەختیشی کردەوە کە "یاسا بڕیاری داوە بە جێگیرکردنیان (تثبیت) دوای ٣ ساڵ، و لەمساڵدا ئەوانەی لە ساڵی ٢٠٢٣ گرێبەستیان کردووە جێگیر دەکرێن."
شمەری دەڵێت: "لە بودجەی ٢٠٢٦دا هەوڵ دەدەین ژمارەیەکی هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو زیاد بکەین بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو کەمییە بکەینەوە کە لە ناوخۆدا ڕوودەدات، بەتایبەت کە خانەنشینی و دەستلەکارکێشانەوە و دەرکردن و زیندانی کردنمان هەیە"، ڕوونیشیکردەوە کە "ساڵانە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لە وەزارەتەکە کەمدەبێتەوە و لە ڕێگەی پۆلیسی گرێبەستەوە چارەسەری دەکەین."
لای خۆشیەوە، پارێزگاری بەسرە ئەسعەد عیدانی لە کۆنگرەکەدا وتی: "هەماهەنگییەکی بەرز لە نێوان فەرماندە ئەمنییەکان و حکومەتی خۆجێیدا هەیە، کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بووەتە هۆی دابەزینێکی گەورەی ئاستی تاوان و ڕووداوە جنائییەکان لە بەسرە"، ئاماژەی بەوەش دا کە "زۆرێک لە دانیشتووانی شارەکە دەستیان کردووە بە هەستکردن بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری."
ئاماژەی بەوەشکرد: "پارێزگا لە جێبەجێکردنی دابەشکردنی زەوی بەسەر کارمەنداندا بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دواکەوت"، جەختیشیکردەوە کە "زۆرێک لە کارەکانی جیاکردنەوەی پارچە زەوییەکان تەواو کراون و بەمزووانە دابەش دەکرێن."