بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ شەممە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ڕەتكردنەوەی بڕیاری دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بۆ ڕەتكردنەوەی ڤیزە بۆ چەند ئەندامێكی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران دەربڕی، ئەو فیدراسیۆنە ڕایگەیاندووە كە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی بنەما وەرزشییەكانە و كاریگەریی نەرێنی لەسەر بەشداریی شاندی ئێرانی هەیە.
فیدراسیۆنەكە لە بەیاننامەكەیدا جەختی لەوە كردەوە : كە حكومەتی ئەمریكا لە ڕێگەی بڕیارێكی ناوەرزشی و پاڵنەری سیاسییەوە وەسفی كردووە، بەردەوامە لە پراكتیزە دوژمنكارانەكانی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە : ئەمریكا لەڕێگەی ئەوەی ناوی لێناوە هەڵاواردن بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران، گۆڕەپانێكی یاری نایەكسانی دروستكردووە، فیدراسیۆن ئەمەی بە جۆرێك لە دەستوەردانی سیاسی لە وەرزشدا زانی و پێشێلكردنی بەهاكانی كێبڕكێی دادپەروەرانە و ئەو بنەمایانەی كە ڕووداوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەكان لەسەری بنیات نراوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوای لە ناوەندە وەرزشییە نێودەوڵەتییەكان كرد كە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەن و ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دەستەبەركردنی ڕێزگرتن لە مافی هەڵبژاردە نیشتمانییەكان و دابینكردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ بەشداریكردنیان لە كێبڕكێیە وەرزشییەكان.