🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی دەرەوە: پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ باشترکردنی پلەبەندیی پاسپۆرتی عێراقی و لابردنی کۆتوبەندەکانی سەر گەشتی هاووڵاتییان

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/17 14:38

بەغداد – INA – محەمەد تالبی

وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای بۆ باشترکردنی پلەبەندیی پاسپۆرتی عێراقی و لابردنی کۆتوبەندەکانی سەر گەشتی هاووڵاتییان ڕاگەیاند، هاوکات هۆشداریی دا لە بەشداریکردن لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان و داوای لە عێراقییەکان کرد خۆیان لە ناوچەکانی جەنگ بەدوور بگرن.

باڵیۆز فەلاح عەبدولحەسەن ساعدی، سەرۆکی فەرمانگەی کونسوڵگەری لە وەزارەتی دەرەوە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی پسپۆڕی پێکهێناوە کە نوێنەرانی وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆ لەخۆدەگرێت، کار دەکەن بۆ ناساندنی پاسپۆرتی عێراقی و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ ئاسانکاریی هاتنەژوورەوەی هاووڵاتییانی عێراقی." ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا چەند وڵاتێک هەن کە ڕێککەوتنامەی چوونەژوورەوەی بێ ڤیزایان لەگەڵ عێراق هەیە، لەوانە ئێران، تونس و لوبنان، لەگەڵ چەند وڵاتێکی تری عەرەبی و ئاسیایی."

ئاشكراشیكرد: "وەزارەت هەوڵ دەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم لیستە فراوانتر بکات، چونکە هەرچەندە ژمارەی ئەو وڵاتانەی ڕێگە بە هاووڵاتییانی عێراقی دەدەن بەبێ ڤیزا بچنە ژوورەوە زیاد بکات، ئاستی پلەبەندیی پاسپۆرتەکە بەرز دەبێتەوە." و وتیشی: "هیچ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی (شێنگن)ی ئەوروپی نییە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان کۆتوبەندی ئەمنیی توندیان هەیە تەنانەت بۆ پاسپۆرتی دیپلۆماسیش، هەروەها بەرزبوونەوەی پلەی پاسپۆرتی عێراقی بەستراوەتەوە بە سەقامگیریی باری ئەمنی و ئابووریی ناوخۆی وڵات؛ هەرچەندە دۆخی ناوخۆ جێگیر بێت، مەترسیی وڵاتان لە دۆسیەی پەنابەری کەم دەبێتەوە، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئاسانکاریی هاتوچۆ."

ساعدی ڕوونیکردەوە: "ئەو شەپۆلانەی کۆچکردن کە عێراق دوای ساڵی ٢٠١٤ بەخۆیەوە بینی، بووە هۆی ئاڵۆزکردنی ڕێکارەکان لە هەندێک وڵاتدا،" و وتیشی: "دوایین ڕێککەوتنامە لەگەڵ تونس واژۆ کراوە، هەروەها بەرەوپێشچوون لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ پێدانی ڤیزای ئاسان، دوای ئەوەی پێشتر بەبێ ڤیزا بوو بەهۆی زیادبوونی ژمارەی عێراقییەکان لەوێ."

لە کۆتاییدا، ساعدی داوای کرد "خۆ لە بەشداریکردن لە ململانێ دەرەکییەکان بەدوور بگرن، چونکە خوێنڕشتن بەسە، هەر کەسێکیش بیەوێت بەرگری بکات با سەرەتا بەرگری لە وڵاتی خۆی بکات،" هۆشداریشی دا لە "چوون بۆ ناوچە کێشەدارە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی شەڕکردن، چونکە ئەم کارانە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی ناکەن و کارێکی نەخوازراون."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)