بەغدا – INA
شێخ هەمام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە عێراق بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی بەهێز و بە دیدگایەکی هاوسەنگ هەنگاو دەنێت.
ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: شێخ هەمام حەموودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، پێشوازی لە ئاکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە بەغدا کرد و تێیدا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ئاستی جیهان، مەترسییەکانی بوونی سەهیۆنی، ئاڕاستەکانی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کاتی دیدارەکەدا شێخ حەموودی جەختی کردەوە کە (ئیسرائیل) قەوارەیەکی یاخی و توندڕەوە و بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە گفتوگۆ نییە، داواشی لە وڵاتانی ناوچەکە کرد بەرپرسیارێتیی ئاسایشی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بە دیدگایەکی ئەمنی و ئابووریی تەواوکار، ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە ژاپۆن ڕۆڵی خۆی لە بونیادنانی لێکتێگەیشتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت بە حوکمی کاریگەریی و کاریگەربوونی بە ڕووداوەکان.
شێخ حەموودی جەختی لە پەرۆشیی عێراق کردەوە بۆ ئەوەی نەبێتە لایەنێک لە ململانێکانی ناوچەکەدا بەڵکو ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیرییەکەی، بەتایبەتی کە وڵات بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و بەهێز هەنگاو دەنێت کە خاوەن دیدگایەکی هاوسەنگە و بە ڕووی هەمواندا کراوەیە، داواشی لە ژاپۆن کرد کە دەرفەتە وەبەرهێنانەکان بقۆزێتەوە و ئامادەیی خۆی لە عێراقدا فراوانتر بکات