بەغدا ـ INA
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی، دەستپێکردنەوەی تەواوی کارەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمپانیاکەدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، هاتووە: "کردە ئاساییەکان لە دامەزراوەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، دەستیان پێکردووەتەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا کارەکان لە کێڵگەکە بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بەڕێوەدەچوون."
ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەو ماوەیەی کە کارەکان بە شێوەیەکی ئاسایی نەدەڕۆیشتن، ڕێکاری کارپێکردنی زۆر وریایانە و سەلامەت بە هەماهەنگی نزیک لەگەڵ لایەنە حکومییەکان گیرابوونە بەر،" ئەوەشی خستەڕوو کە "لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکارانەدا، لە پێشینەی کارەکان پاراستنی سەلامەتی کارمەندان بووە، لەگەڵ پاراستنی دامەزراوەکانی کێڵگەکە و وەبەرهێنانەکانی."
باسی لەوەش کردووە: "کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، و بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت، کۆمپانیای 'پێرڵ پێترۆلیۆم' بە هاوبەشی لەگەڵ 'دانە گاز' سەرپەرشتی بەرهەمهێنان لەم کێڵگەیەدا دەکەن، و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناو هەرێمدا."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ساڵانی 2023 و 2024، کێڵگەکە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بووەتەوە، یەکێک لە توندترین ئەو هێرشانە لە نیسانی 2024دا ڕوویدا کە تێیدا چوار کارمەندی بیانی کوژران و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون،" ئەوەشی خستەڕوو کە "بەهۆی ئەو هێرشانەوە، چەندین جار کارەکان لە کێڵگەکە وەستاون، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان."