بەغدا - INA- ئامنە سەلامی
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی پلاندانان دووپاتی كردەوە كە تەواوكردنی ڕاپۆرتەكانی سەرژمێری دانیشتوان چەند مانگێكی دەوێت، ئاماژەی بەوەدا كە ئەنجامەكان لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و پلانی گەشەپێدانی داهاتوودا بەكاردەهێنرێن.
عەبدولزەهرا هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : كاركردن بەردەوامە بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوە ورد و قووڵەكانی ئەنجامەكانی سەرژمێری دانیشتوان لە عێراق، دوای تەواوبوونی قۆناغەكانی وردبینی ئاماری، پرۆسێسكردن، و شیكردنەوەی داتا تایبەتمەندەكان، ئاماژەشی بەوەدا كە ئەم قۆناغانە پێویستیان بە كاتە كە ڕەنگە بۆ چەند مانگێك درێژببێتەوە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە : كارەكان لە یەكەم ڕۆژەكانی سەرژمێرییەوە بە جددی دەستیپێكردووە، تیمە تایبەتمەندەكان بە درێژایی كاتژمێر كاردەكەن، تەنانەت لە پشووی فەرمیشدا، بۆ تەواوكردنی پرۆسەكانی وردبینی و پرۆسێسكردن و شیكاری، ڕوونیشیكردەوە، پێشبینی دەكرێت لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕاپۆرتی كۆتایی لەسەر ئەنجامی سەرژمێریەكان ئامادەبن، دوای ئەوە بەسەر دامودەزگاكانی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دابەشدەكرێن، ڕێگەیان پێدەدرێت لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و داڕشتنی پلانی گەشەپێدانی داهاتوودا سوودیان لێوەربگیرێت.
هینداوی ئاماژەی بەوەدا : كە ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان نوێنەرایەتی یەكێك لە گرنگترین سەرچاوەكانی داتا ستراتیژییەكان دەكات بۆ دەوڵەت، و دەتوانرێت لە چەندین بواردا بەكاربهێنرێت، بەتایبەتی لەلایەن وەزارەتە خزمەتگوزارییەكانی وەك پەروەردە، تەندروستی، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نیشتەجێكردن و ئاوەدانكردنەوە، و شارەوانییەكان، بۆ دیاریكردنی پێداویستییە ڕاستەقینەكانی دانیشتووان لەڕووی قوتابخانە، نەخۆشخانە، هەلی كار، و یەكەكانی نیشتەجێبوون.
ڕوونیشی كردەوە : كە وەزارەتی پلاندانان پشت بەو داتایانە دەبەستێت لە ئامادەكردنی پلانی گەشەپێدان و یەكەمایەتیدان بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، هەروەها دابەشكردنی سەرچاوەكان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێو پارێزگاكاندا، ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەتە ناوخۆییەكانیش سوودمەندن لە داتای سەرژمێری و ڕاپۆرتە ئامارییەكان لە پەرەپێدانی پلانەكانی گەشەپێدانیان و ئاراستەكردنی خەرجییەكان بەرەو ئەو ناوچانەی كە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.
هینداوی ڕوونیشیكردەوە : دامەزراوە ئابوری و داراییەكان پشت بە ئەنجامەكانی سەرژمێری دەبەستن بۆ پەرەپێدانی خەمڵاندنی ورد بۆ گەشەی ئابووری و بازاڕی كار، هاوكات كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران سوودمەند دەبن لە داتای دانیشتوان لە توێژینەوەی بازاڕ و دیاریكردنی خواست لەسەر كەلوپەل و خزمەتگوزاری.
ئاماژەی بەوەشكرد : دامەزراوەكانی توێژینەوە، ناوەندەكانی توێژینەوە و زانكۆكان ئەم داتایانە لە ئامادەكردنی توێژینەوە كۆمەڵایەتی و ئابووری و دیمۆگرافییەكان بەكاردەهێننئاماژەی بەوەشكرد كە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و دەزگا بەخشەرەكان دەتوانن پشت بە ئەنجامەكانی سەرژمێریش ببەستن لە داڕشتنی بەرنامەكانی پشتیوانی و دەستپێشخەرییەكانی كەمكردنەوەی هەژاری.
ئاماژەی بەوەشكردووە : ئەنجامی سەرژمێری نوێنەرایەتی بنكەیەكی زانیاری گشتگیر دەكات كە بەشدارە لە پشتگیریكردنی بڕیاردەران لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و دانانی ئەولەویەتەكانی گەشەپێدان، بەمەش دابەشكردنی دادپەروەرانەتر لە سەرچاوە و خزمەتگوزارییەكان بەدەستدەهێنرێت.