بەدواداچوون - INA
کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی فیقهی ئیسلامی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، داوای پەنابردن بۆ گفتوگۆ ودانبەخۆداگرتنی کرد، هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو دەستدرێژییانەی کە قەوارەی (ئیسرائیل)ی داگیرکەر ئەنجامیان دەدات.
لە ڕاگەیەندراوێکی کۆمەڵەکەدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، هاتووە: بەهۆی ئەو ڕووداوە سامناکانەی ناوچەی کەنداو بەخۆیەوەی دەبینێت، و ئەوەی لێی کەوتووەتەوە لە ڕشتنی خوێنی پاک، ترساندنی هاوڵاتیانی بێتاوان، وێرانکردنی ژێرخانەکان و لەناوبردنی موڵک و ماڵە پارێزراوەکان، سکرتاریەتی گشتیی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی فیقهی ئیسلامی سەرکۆنەی توند و ناڕەزایەتی قووڵی خۆی بۆ ئەم دەستدرێژییانە دەردەبڕێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هێرشانە دژی بەها بەرزەکانی ئیسلام و مەبەستە باڵاکانیەتی، هەروەها پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتی باش و برایەتی ئیسلامی و پەیماننامەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و بڕگەکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
کۆمەڵەکە داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە پەنا ببەنە بەر دەنگی دانایی و دانبەخۆداگرتن، و ڕەچاوی دراوسێیەتی باش بکەن و پابەند بن بە بنەماکانی برایەتی ئیسلامی و پەیماننامەی ڕێکخراوەکە."
کۆمەڵەکە جارێکی تر سەرکۆنەی ئەو هێرشە دڕندانە و وەحشیگەریانەی کرد کە قەوارەی زایۆنیستی داگیرکەر دژی ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی ئەنجامیان دەدات، هەروەها داخستنی مزگەوتی ئەقسا و ڕێگریکردن لە نوێژکردن تێیدا بە ستەم و دەستدرێژی، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کار بکەن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی ئەو هێرشانە