🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

٢٣ ساڵ بەسەر وەرچەرخان بەرەو دیموکراسی لە عێراقدا .. خوێندنەوەیەک بۆ دەستکەوت و ئاڵنگارییەكان

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/08 21:50

بەغداد – INA – نەساڕ حاج

نۆی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣، بە وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە و جەوهەری لە مێژووی نوێی عێراقدا دادەندرێت، کە تێیدا گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی تەنها گواستنەوەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو لە وەرچەرخانی بنەڕەتی کە پێکهاتەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی گرتەوە. سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی هاوشانی ئەم گۆڕانکارییە بوون، بەڵام عێراق گەواهیدەری کرانەوەیەکی بێوێنە و مۆدێلێکی سەرهەڵدراو بوو کە بنەمای فرەیی، بەشداریی خەڵك، گەشەی ئابووری و ئاوەدانی بوو، جیا لە گێڕانەوەی پێگەی ئابووری و نێودەوڵەتی عێراق.

لەم بارەیەوە، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەرشەد ساڵحی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "قۆناغی دوای ساڵی ٢٠٠٣ وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی عێراقدا"، ئاماژەی بەوەشکرد: "گواستنەوە بۆ سیستەمی دیموکراسی بنەمای بۆ بوونی دەستوور، پەرلەمان و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دانا".

ڕوونیشیکردەوە: "عێراق لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا بەدەست گۆشەگیریی نێودەوڵەتییەوە دەیناڵاند، بەتایبەت دوای داگیرکردنی کوێت لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ خاوەن پەیوەندییەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی فراوانترە".

لای خۆیەوە، حسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە "سیستەمی دیموکراسی لە عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣، بەشداری کردووە لە گۆڕینی هاوکێشەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی، ئەویش لە ڕێگەی کردنی هاووڵاتی بە چەقی پڕۆسەی سیاسی، وەک کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی ئابووری".

عەلاوی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونیکردەوە:"وەرچەرخانی دیموکراسی دەرفەتی بەشدارییەکی فراوانتری بۆ هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا ڕەخساند، لەگەڵ پابەندبوونی دەوڵەت بە پاراستنی مافە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم ڕێڕەوە ڕۆڵی گەنجانی لە بازاڕی کار و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەهێز کرد و بەشداری کرد لە داڕشتنی ئاراستە ستراتیژییەکان بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن".

لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە "وڵات لە سایەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیراندا پێشکەوتنی لە بواری ئابووریدا بەدەست هێناوە، ئەویش لە ڕێگەی گواستنەوە لە قۆناغی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بۆ قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە جۆرێک کە ڕێڕەوی سەقامگیری و بونیادنانی دەوڵەت بەهێز بکات".

لەلایەن خۆیەوە، فەریق سەعد مەعەن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختیکردەوە کە ئەو وەرچەرخانانەی عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەخۆیەوە بینی، گواستنەوەیەکی قووڵ بوو لە میراتی سیاسەتە شەڕانگێزەکان و ئەمنییە داپڵۆسێنەرەکانەوە بەرەو ڕێڕەوێک کە هەوڵی بونیادنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن دەدات لەسەر بنەمای فرەیی و دامەزراوەیی.

مەعەن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "ڕژێمی لەناوچوو پشتی بە عەقیدەیەکی ئەمنی دەبەست کە لەسەر بنەمای سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردن بوو، ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵات، جیا لە گرتنەبەری شێوازێکی پێکدادان لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی و نێودەوڵەتی، کە بووە هۆی گۆشەگیری و ناسەقامگیری وڵات".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "قۆناغی دوای ٢٠٠٣ بنەمای بۆ چەمکێکی نوێی ئەمنی دانا کە چەقەکەی پاراستنی هاووڵاتی و دەستوور و بونیادنانی دامەزراوە ئەمنییە پیشەییەکانە، بەڵام ئەم وەرچەرخانە ڕووبەڕووی تەحەددی گەورە بووەوە، کە دیارترینیان بۆشایی ئەمنی و هەڵکشانی هەڕەشە تیرۆریستییەکان بوو، لەگەڵ هەوڵەکان بۆ تێکدانی پڕۆسەی دیموکراسی".

لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە، مەعەن ئاماژەی بەوە کرد کە "وەرچەرخانە سیاسییەکە پانتاییەکی فراوانتری بۆ ئازادییەکان و دەربڕین ڕەخساند، و بەشداری کرد لە بەهێزکردنی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەرکەوتنی چەمکەکانی هاووڵاتیبوون و لێپرسینەوە"، جەختیشی کردەوە کە "چەسپاندنی ئەم بەهایانە هێشتا پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو تەحەددییانە هەیە کە پەیوەستن بە میراتی پێشوو و دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان".

لە هەمان چوارچێوەدا، عەباس عەقابی، شارەزای یاسایی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: "سیستەمە دیکتاتۆرییەکان هەرچەندە تەمەنیان درێژ بێت، بە سیستەمی کاتی دەمێننەوە و لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەرەسهێنانیان هەیە"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەوەی لە عێراق دوای ٢٠٠٣ ڕوویدا نموونەیەکی ڕوونی هەرەسهێنانی لەناکاوی سیستەمێکی گشتگیر بوو بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە".

عەقابی ڕوونی کردەوە کە "قۆناغی دوای کەوتنی ڕژێم بە یەکێک لە قۆناغە هەرە سەختەکان دادەندرێت، کە بە 'دادپەروەری ڕاگوزەر' دەناسرێت، واتە گواستنەوە لە سیستەمێکی دیکتاتۆرییەوە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم قۆناغە لێکەوتەی گەورەی لەگەڵ خۆی هێنا کە پێویستی بە پاراستنی یەکگرتوویی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبوو، هەروەها دوورکەوتنەوە لە گۆڕانکارییە

ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگواستن، بەند بوو بە چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوەیی، بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی، و بەدیهێنانی سەقامگیری ئەمنی و ئابووری"، ڕوونیشی کردەوە کە "عێراق توانیویەتی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی سەرلەنوێ بونیاد بنێتەوە و دووبارە تێکەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببێتەوە".

باسی لەوەشکرد کە "سیاسەتی دەرەوەی عێراق گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە ڕێگەی بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەوانە تورکیا و ئێران و وڵاتانی عەرەبی، جیا لە گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە هەندێک لە گرژییە هەرێمییەکاندا، و میوانداریکردنی کۆنفرانسە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، و کارکردن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان و کۆمپانیا جیهانییەکان".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)