🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری دارایی جەخت لە پێویستی ڕەچاوکردنی یاساکان لە چوارچێوەی سیستەمی ئەسیکۆدا دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/08 15:20

بەغداد - INA

وەزیری دارایی تەیف سامی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لە پێویستی ڕەچاوکردنی یاساکان لە چوارچێوەی سیستەمی "ئەسیکۆدا" کردەوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "تەیف سامی، وەزیری دارایی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی جێبەجێکردنی سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی گومرگی (ئەسیکۆدا) لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری لە کۆبوونەوەی ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠٢٦دا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێم و یاریدەدەرەکەی، ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم، سەرۆکی بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری لەوێ، و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە دەستەی گشتیی گومرگی فیدراڵی، جگە لە تیمی شارەزایانی ڕێکخراوی ئۆنکتادی نێودەوڵەتی بەڕێوەچوو".

بەپێی بەیاننامەکە، وەزیری دارایی لە کاتی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە لەسەر "پێویستی ڕەچاوکردنی یاساکان لە چوارچێوەی سیستەمی ئەسیکۆدا و دیاریکردنی هەموو ناکۆکییە یاساییەکانی نێوان هەردوولا بە مەبەستی گونجاندنیان و وەرگرتنی ڕەزامەندی فەرمی لەبارەیانەوە".

وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە: "لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا لەسەر پێکهێنانی تیمی ئەسیکۆدای تایبەت بە هەرێم تاوەکو ببێتە بەشێک لە تیمە نیشتمانییە یەکگرتووەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر تەواوکردنی هەموو پێداویستییەکانی سیستەمەکە لەلایەن کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان لە هەرێم و دیاریکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی هەر لایەنێک بە وردی بۆ دەستەبەرکردنی ڕێڕەوی کارەکان. هەروەها ڕێککەوتنەکە دەستپێکردنی بەرنامەیەکی مەشق و ڕاهێنانی گشتگیری لەخۆگرت کە تێیدا تیمی نیشتمانی هەڵدەستێت بە ڕاهێنانی کادیرانی کارکەر لەسەر سیستەمەکە لە هەرێم، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای تەکنیکی و یەکخستنی پێوەرەکانی بەڕێوەبردنی گومرگی لە هەموو دەروازە سنوورییەکاندا".

لە چوارچێوەی بەهێزکردنی لایەنە تەکنیکییەکاندا، وەزیر تەیف سامی ڕێنماییدا بە "دابینکردنی ڕووکارێکی زمانی کوردی لە ناو سیستەمەکەدا و کارپێکردنی لە فۆرمەکاندا لە کاتی جێبەجێکردنی کردەییدا، هاوشانی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی، بە مەبەستی ئاسانکاری لە بەکارهێنانیدا".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)