🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی پلاندانان: ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتییەکی ساڵانەی بە بڕی ١٠٠ ملیار دینار بۆ هەژارترین پارێزگاکان ڕاگەیاند

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/04/08 00:14

بەغدا – INA

وەزارەتی پلاندانان، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی کردەوە کە ئەنجومەنی وەزیران پاڵپشتییەکی ساڵانەی بە بڕی ١٠٠ ملیار دینار بۆ ئەو پارێزگایانە ڕاگەیاندووە کە زۆرترین ڕێژەی هەژارییان تێدایە.

عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی فەرمی وەزارەت، لە راگه‌یندراوێكدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA ) نێردراوه‌ تێیدا ڕوونیکردەوە: "ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا، بڕیاریدا بە تەرخانکردنی ١٠٠ ملیار دینار بە شێوەی ساڵانە بۆ ئەو پارێزگایانەی کە دەکەونە چوارچێوەی کارەکانی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی هەژارترین پارێزگاکان، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان و باشترکردنی باری گوزەرانی ئەو پارێزگایانەیە."

وتیشی: "دیاریکردنی هەژارترین پارێزگاکان پشتبەست بووە بە ئەنجامەکانی ڕووپێوی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خێزان لە عێراق کە وەزارەت لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجامی داوە، کە تێیدا دەرکەوتووە تێکڕای ڕێژەی هەژاری لەسەر ئاستی نیشتمانی لە ٢١٪وە بۆ ١٧.٥٪ دابەزیوە."

ئاشکراشی کرد کە "پارێزگای موسەنا هێشتا بەرزترین ڕێژەی هەژاری تۆمار دەکات کە ٤٣.٦٪ـە، لە دوای ئەویش پارێزگای بابل بە ڕێژەی ٣٤.٤٪ دێت، پاشان پارێزگای دیوانییە بە ڕێژەی ٢٨.٩٪، و دوای ئەویش پارێزگای بەسرە بە ڕێژەی ٢٧.٩٪، لە کاتێکدا پارێزگای نەجەف لە پلەی پێنجەمدایە بە ڕێژەی ٢٥.٢٪، بەمەش ئەم پێنج پارێزگایە بەرزترین ڕێژەی هەژارییان لە وڵاتدا هەیە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "پارێزگای میسان باشتربوونێکی بەرچاوی لە نیشاندەرەکانی هەژاریدا بەخۆوە بینیوە، بەوپێیەی ڕێژەکە لە ٤٥.٤٪ لە ساڵی ٢٠٢٢وە بۆ ١٦.٣٪ لە ساڵی ٢٠٢٤ دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی چوونە دەرەوەی لە لیستی هەژارترین پارێزگاکان بەپێی ئەنجامەکانی دوایین ڕووپێوی."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)