ئەمینداری گشتی یەكگرتوو پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی موسڵمانان دەكات

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بڵاوكردەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

﴿ شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْيَ‌نُ هُدًي لِّلنَّاسِ ؤبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَيٰ ؤالْفُرْقَانِ﴾

هاتنەوەی مانگی قورئان و بەهاری دڵان و ژیانەوەی گیان، مانگی ڕەمەزان لە هەموولایەك پیرۆز دەكەم، كە هاوزەمانە لەگەڵ ژیان و بەهاری نیشتیمان و بارانی ڕەحمەتی بەهاران..

بەهیوای ئەوەی پشت بەخودا بیكەینە وەرزی خۆپاككردنەوەو ئامرازی تەبایی و توێشووخستن بۆ ئایندەیەكی باشتر لەم ژیانەدا و بەهەشتی بەرین لە ژیانی نەبڕاوەدا، بیكەینە وەرزی ئاشتبونەوە لەگەڵ خوداو تۆبەكردن و پابەندبونەوە بە ڕێبازە مەزنەكەی پێغەمبەری سەروەرمان محمد درودی خودای لەسەربێت، بیكەینە كۆتایی غەفڵەت و لادان و سەرەتای داهاتوویەكی باشتر لەسەر ئاستی تاكەكان و سەرجەم كۆمەڵگەكەماندا..

هەروەها خاكی ئێمە خەڵات كراوە بەژینگەیەكی پاك و سروشتێكی پڕلەجوانی و سەروەت و سامانێكی خودایی زۆر..

پێویستە خۆشمان سوپاسی ئەم نیعمەتانە بكەین و ژیانمان بڕازێنینەوە بە ئەخلاقی جوان و پێكەوەژیان و ڕێز لەیەكگرتن و عەدالەت پەروەری و مرۆڤ دۆستی..

ڕەمەزان دەتوانێت ببێتە:

*خولی سازدان و بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە كەس و كەشە سازگارە..

*خولی ڕاهێنانی خۆنەوویستی و خواناسی و برایی..

*وەرزی پەشیمانی لەستەمكاری و لادان و خۆپەرستی و گەڕانەوە بۆ لای خوداو پابەندی بە ڕاستەڕێی ناسینی خوداو خزمەتی گەل و وڵات..

داواكارم لە خودای باڵادەست ئەم ڕەمەزانەمان لێ پیرۆز بكات و هەمووان لەبەرەكەت و فەڕی بەهرەمەند بكات، وڵات و نیشتیمان و گەلمان لە بەڵای خراپ و ستەمی ستەمكاران بەدوور بگرێت..

جارێكی تر هیواوی ڕەمەزانێكی پڕ خێرو بەرەكەت دەخوازم..

براتان

صلاح الدین محمد بها‌ءالدین

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

22-3-2023