کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی چوار مووشەکی ستراتیجیی راگەیاند

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کۆریای باکوور رایگەیاند، لە میانی مانۆڕێکدا چوار مووشەکی ستراتیجیی تاقی کردووەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور "KCNA" لە میانی مانۆڕێکی سەربازییدا چوار مووشەکی ستراتیجیی جۆری"Hwasal-2" بە ئاراستەی دەریای رۆژهەڵاتی کۆریادا هەڵدراون.

ئەم مووشەکانە دوای بڕینی دوو هەزار کیلۆمەتر و لە ماوەی ١٠ هەزار و ٢٠٨ بۆ ١٠ هەزار و ٢٢٤ چرکە، توانیان ئامانجەکانیان بپێکن.

کۆریای باکوور لە رێگەی ئەم مانۆڕەوە جارێکی دیکە ئاسایشی سیستەمی سەربازیی خۆی دووپات کردەوە و توانی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی مووشەکی ستراتیجی بکات کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چەکی ئەتۆمی.