نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەغداد: بۆهەر ماڵێك لەهەرێم 200 لیتر نەوتی سپی بە 30 هەزار دینار پێدەدرێت

دیجیتال میدیای سپێده‌

فارس عیسا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم له‌به‌غدا رایگه‌یاند، "عێراق 257 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و نرخی لیترێکی 150 دینارە ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و بەغدایه‌.

فارس عیسا وتیشی : "لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 20-9-2022 لەگەڵ هەریەک لە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوت و حامد یونس زوبەعی، بریکاری وەزارەتەکە کۆبووینەوە تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 257 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە حکومەتی فیدراڵی بکڕێت و بۆ هەر خێزانێکی هەرێمی کوردستان 200 لیتر دابینبکرێت، و لەکۆتای ئەم مانگە دەستبەدابەشکردنی دەکرێت.."

پێشتر نەوتی سپی دەدرایە هەرێمی کوردستان و بۆ هەر لیترێک 400 دینار وەردەگیرا، بەڵام ئێستا داواکراوە وەک هاووڵاتییانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ بکرێت و بۆ هەر لیترێک 150 دینار وەربگیرێت و لە کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا "پەسند کراوە."