کەرکووک - INA - ڕوودی ئەنوەر
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، کۆتاییهێنانی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و گەڕانەوەی بۆ بەشدارییکردن لە دانیشتنەکانیدا ڕاگەیاند.
سەرۆکی فراکسیۆنەکە و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن مەجید، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) ئامادەی بوو، وتی: "سەرکردایەتیی سیاسییمان، دوای لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل و گشتگیر، بڕیاری کۆتایی دا بە گەڕانەوە و بەشدارییکردن لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، و وەک هێزێکی سیاسیی بەرپەرس، خۆمان لە ناو جەرگەی ئەم واقیعە نوێیەدا دەبینینەوە."
ههروهها ئهوهیشی وت : "بڕیاری گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، پشتی بە دوو کۆڵەکەی سەرەکی بەستووە؛ یەکەمیان پەیوەندیی بە وەڵامدانەوەی داواکاریی بەردەوامی خەڵک و دڵسۆزانی پارتەکەوە هەیە بۆ هەبوونی نوێنەرایەتییان لە نێو ئەنجوومەنەکەدا. هۆکاری دووەمیش بریتییە لە هاودەنگی و بەرپرسیارێتیی سیاسی، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەن بە فەرمی داوایان لە سەرکردایەتیی پارتی کرد پێکەوە لەم قۆناخە هەستیارەدا کار بکەن."
سەبارەت بە دۆسیەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، مەجید جەختی لە "پشتیوانیی فراکسیۆنەکەی کردەوە بۆ ئەو ڕێکارانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی زەیدی دەگیرێنە بەر"، ئاماژەی بەوەش دا کە "عێراق بە قۆناغێکی وەرچەرخانی جێی بایەخدا تێدەپەڕێت کە تێیدا میکانیزمەکانی چاودێریی گشتی و ستراتیژیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەلایەن سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدییەوە، بەرەو ئاڕاستەیەکی بڕیاردەرانەتر و کاریگەرتر دەڕۆن."
ئاماژەی بەوەش کرد: "فراکسیۆنەکە ئامادەیە و بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ڕۆڵە چاودێرییە توند و وردەکەی بە ئامانجی پاراستنی مافەکان، و ڕێگریکردن لە گەندەڵی، و خزمەتکردنی پارێزگای کەرکووک بە هەموو پێکهاتە و توێژەکانییەوە بە بێ جیاوازی."
شایەنی باسە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ زیاتر لە دوو ساڵ بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکی کردبوو، و بەشداریی لە ٢٢ دانیشتنی ڕابردوویدا نەکردبوو.

