نێودەوڵەتی – INA
وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، تۆمەتەکانی تێوەگلانی لە چالاکییە نایاساییەکان لە ناوخۆی عێراقدا ڕەتکردەوە، هاوکات جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردەوە بە بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان کیێڤ و بەغدا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بانگەشەکانی تێوەگلانی ئۆکرانیا لە چالاکییە نایاساییەکان لەسەر خاکی عێراق ڕەت دەکاتەوە"، جەختیشی کردەوە کە "هیچ ڕاستی یان بەڵگەیەک نییە کە پشتگیریی ئەم بانگەشانە بکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "لایەنە عێراقییەکان لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە، هیچ زانیاری یان نیگەرانییەکی پەیوەندیداریان بە ئۆکرانیا ڕانەگەیاندووە"، تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە "ئەگەر ئەم بانگەشانە هەر بنەمایەکیان هەبووایە، ئەوا ئاسایی دەبوو لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە بخرێنە ڕوو، بەڵام لایەنی ئۆکرانی لە ڕێگەی هۆکارەکانی ڕاگەیاندنەوە بەم تۆمەتانەی زانیوە".
ئهوهیش هاتووه كه "ئۆکرانیا بە جێگەی قبووڵکردنی نازانێت کە بەرپرسێکی باڵا لە دەوڵەتێکی دۆستەوە لێدوانی لەم شێوەیە بدات بەبێ پشت بەستن بە بەڵگە"، جەختیشی کردەوە کە "ئەمە پێچەوانەی بنەماکانی ڕێزگرتنی یەکترە و زیان بە پەیوەندییە ئۆکرانی و عێراقییەکان دەگەیەنێت".
جەختیشی کردەوە کە "کۆماری عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئۆکرانیایە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و کیێڤ هێشتا پابەندە بە بەهێزکردنی هاوکاریی سیاسی، ئابووری و مرۆیی بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا داواشی کرد "بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم بانگەشە بێ بنەمایانەدا بکرێت".

